لیژنەیەكی 5 كەسی كار بۆ گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعیی شنگال دەكات
ناسر هەركی، ئەندامی ئەو لیژنەیە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كاتێك كە دەنگی خەڵكی شنگال گەیشتە پەرلەمانی عێراق و ئەو شاندەی هاتە پەرلەمان باسیان لەوە كرد كە ئیدارەیەكی ناشەرعی لە شارەكە هەیە، پرۆژەی خزمەتگوزاری نییە، ئەو ئیدارە ناشەرعییە رێگە نادەن خەڵك بگەڕێتەوە، سەرۆكی پەرلەمان ئەو كاتە بڕیاری دا كە لیژنەیەك پێك بهێنێت، بۆیە پەرلەمانی عێراق لە ڕێگەی لیژنەیەكەوە هەوڵ دەدات ئیدارەی شەرعیی شنگال بگەڕێتەوە شارەكە، بۆ ئەوەی هەم خەڵكەكەی بگەڕێنەوە، هەمیش دەست بە ئاوەدانكردنەوەی شارەكە بكرێتەوە و دووبارە ئەمن و ئاسایش بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە".
ئەندامی ئەو لیژنەیە گوتیشی: "ئەو لیژنەیە لە 5 پەرلەمانتار پێك هاتووە و دەست بە لێكۆڵینەوە كراوە و سەردانی هەریەك لە پارێزگاری مووسڵ و سەرۆكی ئەنجومەنی شنگال و قایمقامی شارەكەمان كردووە، وتەكانی ئەوان وەرگیراون، هەروەها دید و بۆچوونی ئاوارەكان وەرگیراوە، كە بۆچی ناگەڕێنەوە و چییان دەوێت، هەموو بەڵگەكان كۆ كراونەتەوە و بە شێوەی ڕاپۆرت دەدرێنە سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بۆ ئەوەی ئەو بابەتە لەناو پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بكرێت و ئیدارەی ناشەرعی نەمێنێت و ئیدارەی شەرعیی شارەكە بگەڕێتەوە شنگال".
kdp-
