مەسرور بارزانی و محەمەد جەواد زەریف ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی نێوانیان ڕاگەیاند
دوای ئەو کۆبوونەوەیە کە لە پەراوێزی دووەمین ڕۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ئەنجام درا، مەسرور بارزانی لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە (تویتەر) خۆشحاڵیی خۆی بە دیداری محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاگەیاند و ئەوەی ڕوون کردەوە کە لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا باسیان لە پێشوەچوونەکانی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشهاتەکانی عێراق و سووریا و ناوچەکە کردووە.
لەلایەن خۆشیەوە، محەمەد جەواد زەریف دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند ”کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان ئەنجام دا“. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ”باسمان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق و کوردستان کرد، باسمان لە هاوکاریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێ و کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان کرد، رەوشی سووریامان باس کرد کە گرنگی بەوە دەدەین ڕێز لە سەروەریی خاکی سووریا بگیرێت“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە پلانیان هەیە، پەیوەندییەکی پتەوتریان لە ئایندەدا هەبێت، بە تایبەتیش لە بواری ئابووریدا و ئەوەی وەبیر هێنایەوە کە لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ هەولێر و دواتر بۆ سلێمانی، شاندێکی گەورەی بازرگانی لەگەڵدا بووە و چەندین گرێبەست واژۆ کراون.
باسنیوز
