پەرلەمانتارێکی تورکمان: پارتی مەبدەئیەن بە داواکارییەکانمان ڕازی بووە

پەرلەمانتارێکی تورکمان: پارتی مەبدەئیەن بە داواکارییەکانمان ڕازی بووە
پەرلەمانتارێکی تورکمان ڕای دەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان پێکهاتەکانی تورکمان و شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتیدا، داواکارییەکانمان ئاراستەی شاندەکە کرد و ئەوانیش مەبدەئیەن پێی ڕازی بوون.

محەمەد ئیلخانی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لیستی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە ١١\٢\٢٠١٩ شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی حزب و لایەنە تورکمانییەکانیان کرد، ئامانج لە سەردانەکەش وەرگرتنی ڕا و بۆچوونی ئێمە بوو لەسەر بەشداریکردنی تورکمانەکان لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا".

ئەو پەرلەمانتارە تورکمانە گوتیشی: "بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بەشداریکردنی تورکمانەکان بوو لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ١٨ی شوباتدا، ئێمەش ڕامانگەیاند کە بەشداریی ئەو کۆبوونەوەیە دەکەین".

ئەوەشی خستە ڕوو: "لەسەر چونیەتیی بەشداریکردینیان لە کابینەی نۆی حکوومەت داواکارییەکانیان ئاراستەی شاندی پارتی کردووە، کە بریتین لە وەرگرتنی یەکێک لە جێگرەکانی پۆستە سیادییەکان، هەروەها وەزارەتێکی خزمەتگوزاری و چەند پۆست و پلەیەکی دیکە".

ئاشکراشی کرد: "هەرچەندە کۆبوونەوەکە زیاتر ڕاوێژکاری بووە و وردەکارییەکان دەکەونە دوای کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام شاندی پارتی مەبدەئیەن بە داواکارییەکانمان ڕازی بوون".











باسنیوز
Top