عوسمان بانیمارانی: پارتی و یەکێتی لەسەر بابەتی کەرکوک گەیشتونەتە ڕێککەوتن

عوسمان بانیمارانی: پارتی و یەکێتی لەسەر بابەتی کەرکوک گەیشتونەتە ڕێککەوتن
ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد کە حزبەکەی لەو داواکارییانەیدا ”کە بە لای پارتییەوە قورسن“، نەرمی دەنوێنێت و نەیشاردەوە کە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی ١٨ی ٢ی ٢٠١٩، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک نابێت.



عوسمان بانیمارانی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاشکرای کرد، ئەو پڕۆژەیەی یەکێتی و پارتی کاری لەسەر دەکەن بۆ ڕێککەوتنی سیاسیی نێوانیان، ”زۆر باشە“، چونکە ناکرێت لەلایەکەوە پێکەوە حکوومەت پێک بهێنن و لەلایەکی دیکەشەوە ڕکابەریی یەکتر بکەن.



ئەوەشی بۆ بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا) ئاشکرا کردووە، ”ئەو بابەتانەی پارتی زۆری پێ قورس بێت، یەکێتی نەرمی دەنوێنێت“. دەشڵێت کە لێکتێگەیشتن درووست بووە.



عوسمان بانیمارانی ناڕاستەوخۆ باس لە کۆتاییهاتنی بەیەکەوە بەستنەوەی هەرسێ دۆسیەی بەغدا، کەرکووک و هەولێر دەکات و ڕای دەگەیەنێت: ”لێکتێگەیشتنەکە لەسەر ئەوە دروست بووە، بۆ نموونە یەکێتی پێی وابوو ھەموو دۆخی بەغدا ئاسایی بکرێتەوە، دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە، ڕێککەوتنی سیاسی لەنێوان پارتی و یەکێتی بکرێت، ئینجا حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان پێکبێت، بەڵاتم ڕەنگە لەھەندێک لەو خاڵانە ئێستا نەرمی ھەبێت“.



ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە پارتی و یەکێتی لەسەر بابەتی کەرکوک گەیشتونەتە ڕێککەوتن کە کۆبونەوەیەک لە ڕۆژی ١٨ی ٢ی ٢٠١٩ بکرێت، بەڵام کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک نابێت، بەڵکوو کۆبوونەوەی ”لیستی برایەتیی نێو ئەنجومەنەکە دەبێت“.



باسنیوز
Top