سەرکردەیەکی سوننەکان: گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان سەقامگیری دێنێت

سەرکردەیەکی سوننەکان: گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان سەقامگیری دێنێت
سەرکردەیەکی سوننەکان ئاماژە بەوە دەکات، خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان کێشەی زۆریان لەگەڵ حەشدی شەعبی ھەیە، بۆیە پێویستە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە، چونکە بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە ئەمنییەت بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەی ھێزێکی بەئەزموون و خاوەن توانایەکی زۆرە.

نوێنەری پارتی ویفاقی نیشتمانی، بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەلاوی، د. عەلا مەکی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا دۆخی سیاسیی عێراق بەگشتی باشە و پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغداش زۆر باشە، ئەیاد عەلاویش وەکو نوێنەری سوننەکان بەردەوام سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی دیدار دەکات، بۆیە ھیوادارین بەردەوام دۆخی سیاسی باشتر بێت."

د. عەلا مەکی گوتیشی: "پێکھاتەی کورد بەشێکی ڕەسەنی عێراقن و پێویستە سەرجەم شایستە داراییەکانیان بۆ دابین بکرێت، چونکە مافیان لە عێراق ھەیە، بۆیە گەشبینین کە مافەکانی کورد لەم کابینەیەدا دابین بکرێت."

مەکی گوتیشی: "ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان پێوستی بە ئەمنییەت ھەیە، بۆیە پێویستە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە، چونکە ھێزی پێشمەرگە ھێزێکی فەرمییە لە عێراق و خاوەن توانایەکی زۆرن، بۆیە بۆ سەقامگیریی ناوچەکان پێویست بە گەڕانەوەی پێشمەرگە ھەیە."

ئەو سەرکردەیەی سوننەکان ئەوەیشی خستە ڕوو: "ھێزی پێشمەرگە خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە و پێشمەرگەکان ڕاھێنانیان پێ کراوە، بۆیە گرنگە بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە و ئەگەریش هێزی پێشمەرگە بگەرێتەوە جارێکی دیکە ئەمنییەت بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە کێشەی زۆریان لەگەڵ حەشدی شەعبی ھەیە و لەو ھێزانە ڕازی نین، چونکە ڕەفتاریان لەگەڵ خەڵک زۆر خراپە."
kdp-
Top