د. بەشیر: ئەگەر دەتانەوێت بەھێز بین پێویستە لە بەغدا یەكڕیز بین
د. بەشیر خەلیل حەداد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ وەكو نوێنەرانی كورد لە بەغدا سەردانی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەین، سەردانەكانیش بۆ دوو مەبەستن، كە بریتین لە ھەماھەنگیی نێوان ئەنجوومەنی نوێنەران و لایەنەكان و مەبەستی دووەمیش ئەوەیە، كە پێیان بڵێین ئەگەر دەتانەوێت كورد لە بەغدا بەھێز بێت، پێویستە یەكڕیز بن".
حەداد گوتیشی، ئەمڕۆ سەردانی یەكگرتوو و كۆمەڵ و یەكێتی و لە رۆژانی داھاتووشدا سەردانی پارتی و گۆڕان و لایەنەكانی دیكەش دەكەن.
جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەروەها ئاماژەی دا: "تا ڕادەیەك لە نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكاندا یەكڕیزی لە بەغدا هەیە و، لە كاتی تێپەڕاندن و كاركردن لەسەر بودجەدا، وەك یەك تیم كارمان كرد، بۆیە دەمانەوێت ئەم روحیەتە بەردەوام بێت، ئەمڕۆیش داواكارین لە لایەنە سیاسییەكان داوا لە ئەندامانیان بكەن بەم روحیەتە بێنە پێش لە بەغدا، چونكە دروستكردنی هاوپەیمانێتیی فراكسیۆنە كوردستانییەكان خەونی ئێمەیە و ئامانجێكە ئەگەر بتوانین بەدی بێنین زۆر چاكە، بەڵام ئەگەر ئەوەش بەدی نەهات، دەكرێت هەماهەنگی لە نێوانماندا هەبێت".
kdp -
