د. وەعدی مزووری: یاسایەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم دەردەکرێت

د. وەعدی مزووری: یاسایەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم دەردەکرێت
بڕیارە لە چەند ڕۆژی دابێ ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەستی پێ بکرێت و ڕاوێژکاری یاساییی پەرلەمانی کوردستانیش پێی وایە، کۆبوونەوەی ڕۆژی ١٨ی شوبات گرینگ دەبێت بۆ ھەرێمی کوردستان.

دوێنی پارتی و یەکێتی کۆ بوونەوە و بڕیار درا ڕۆژی ١٨ی شوبات پەرلەمانی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی کۆ ببێتەوە و ھەمان ڕۆژیش کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە ھەولێر بەڕێوە دەچێت.

د. وەعدی مزووری، ڕاوێژکاری یاساییی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ھەنگاوە یاساییەکانی بڕیاری شاندی پارتی و یەکێتی دەڵێت: "ھەنگاوی یەکەم دەستنیشانکردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بێت، تا پەرلەمان بتوانێ بڕیاری یاسا دەربکات، ھەنگاوی دووەم ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە، چونکە ڕێک کەوتوون سەرۆکی ھەرێم لەنێو پەرلەمانی کوردستانەوە ھەڵبژێردرێت، بێگومان ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لەنێو پەرلەماندا پێویستی بە ھەموارکردنەوەی یاسا ھەیە، بەتایبەتی یاسای ژمارە یەکی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ئەوەی لەساڵی ٢٠٠٥ دەرکراوە، دەبێ بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان."

ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دابەش کران و لە ڕووی یاساییەوە پێویستی بە ڕێکخستنەوە ھەیە، ئەو ڕاوێژکارەی پەرلەمان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕوون کردەوە: "ئەگەر یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم ھەڵبوەشێتەوە، بە بۆچوونی من، کە نازانم لایەنە سیاسییەکان چ نیەتەکێیان دەبێت، دەبێ یاسایەکی تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەربکەن، ئەویش بۆ ماوەیەکی کاتی و تەنیا بۆ ئەم خولەی پەرلەمان، لەبەر ئەوەی ڕێککەوتنەکە تەنیا بۆ ئەمجارەیە و دواتر بڕیارە دەستوور بۆ ھەرێمی کوردستان دەربکرێت، ئەوکات لەنێو دەستووردا دیاری دەکرێت."

ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو و تێیدا پارتی دیموکراتی کوردستان ٤٥ کۆرسیی بەدەست ھێنا، بەڵام بە ھۆی ڕێککنەکەوتنی لایەنەکان تەنیا یەک جار لە ٦/١١/ ٢٠١٨ پەرلەمانی کوردستان کۆ بووتەوە و کۆبوونەوەکە تا ئەمڕۆش بە کراوەیی ماوەتەوە."

مزووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "من بڕیارەکەی دوێنێی پارتی و یەکێتی بە ھەنگاوێکی ئەرێنی دەبینم، چونکە بەبێ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ھیچ کارێک ناکرێت، ئەمە بۆ چوار مانگ زیاترە ھەڵبژاردن ئەنجام دراوە و پەرلەمان دەسەڵاتی نییە یاسا دەربکات و تەنانەت چاودێریی حکوومەتیش بکات."

دکتۆر وەعدی مزووری ئاشکرای کرد: "مەبەست لە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەر لە ڕاسپاردنی سەرۆکی حکوومەت ئەوەیە، بە گوێرەی یاسا سەرۆکی ھەرێم کاندیدێک ڕادەسپێرێت بۆ ئەوەی کابینەکەی پێک بێنێت، تا کابینەکەی پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان بکات، بە پێی یاسا، پڕۆسەی ڕاسپاردن بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت کۆتا پڕۆسەیە کە ئەنجام دەدرێت."
kdp-
Top