قاسم سولەیمانی نێوەندگیری لەنێوان سەدر و سەرکردەیەکی باڵادا دەکات
رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر و سەرۆکی هاوپەیمانیی سائیرون، قاسم سولەیمانیی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووت کۆبوونەتەوە.
هەروەک رۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، قاسم سولەیمانی هەوڵی نێوەندگیری لەنێوان موقتەدا سەدر و هادی عامریی سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح و جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیای حەشدی شەعبی داوە.
فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لە کۆبوونەوەکەدا، هەوڵی رازیکردنی مەقتەدا سەدری لەبارەی دانانی فالح فەیازی کاندیدی هاوپەیمانیی فەتح وەک وەزیری ناوخۆی عێراق داوە، کە سەدر دژایەتیی دەکات.
نزیکەی لە سێ مانگ و نیوە دیاریکردنی وەزیری ناوخۆی عێراق بەهۆی پێداگریی بەشێک لەلایەنەکان لەسەر فالح فەیاز و رەتکردنەوەی لەلایەن هاوپەیمانیی سائیرون، یەکلا نەبووەتەوە.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، درەنگانی شەوی چوارشەممە 24/10/2018 لە پەرلەمانی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی خوارد و 14 وەزیر لە کابینەکەی متمانەیان وەرگرت و هەشت وەزیریش بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان، متمانەیان پێ نەدرا.
بەپێی تەوافوقی لایەنە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان، وەزارەتی ناوخۆ پشکی شیعەکانە، وەزارەتی بەرگری پشکی سوننەکانە و لەنێوان وەزارەتەکانی دەرەوە و داراییدا، یەکێکیان بۆ کوردە و لەم کابینەیەشدا، وەزارەتی دادیش بۆ کورد دیاری کراوە.
باسنیوز
