حکوومەت لەبارەی گواستنەوەی فەرمانبەرانەوە بڕیارێک دەردەکات
ئەنجومەنی وەزیران دوای ٤ ساڵ لە راگرتنی، بە شێوەیەکی سنووردار گواستنەوەی راژەی فەرمانبەران لەنێوان وەزارەتەکان دەکاتەوە.
بەپێی چەند نووسراوێکی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بۆ چەندین وەزارەت و فەرمانگە، کە کێشەی کەمیی میلاکیان ھەیە، ئەنجومەنی وەزیران دەرگای گواستنەوەی فەرمانبەرانی کردووەتەوە.
بەپێی یەکێک لەو نووسراوانە، کە ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەزارەتەکانی ناردووە، ئاماژە بەوە کراوە، بۆ ھەندێک لەو ناونیشان و پسپۆڕییانەی لەلایەن وەزارەتەکانەوە داوا کراون بە شێوەی ئارەزوومەندانە تەنسیب یان گواستنەوەی راژە ئەنجام بدرێت.
وەک لە یەکێک لە نووسراوەکانی وەزارەتێک، کە بۆ ئەنجومەنی وەزیران کراوە، وەزیرێک ئەوەی خستووەتە ڕوو، لە بەرئەنجامی قەیرانی دارایی و نەبوونی پلەی دامەزراندن و زۆریی مۆڵەتی بێ مووچە و وەستانی گواستنەوە، داوای گواستنەوەی فەرمانبەران بۆ چەند بەڕێوەبەرایەتییەک دەکات. ئەنجومەنی وەزیرانیش رەزامەندیی لەسەر داواکارییەکە دەربڕبوە.
ئەو گواستنەوە سنووردارە وەزارەتەکانی خوێدنی باڵا و چەند وەزارەتێکی تر ناگرێتەوە.
پێشووتر ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە ٢٢ی شوباتی ٢٠١٦ بڕیارێکی دەرکردبوو، گواستنەوەی راژە فەرمانبەرانی لەنێوان وەزارەتەکان راگرتبوو. بەپێی ناوەڕۆکی بڕیارەکەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ڕێکخستن و پێداچوونەوە بە میلاک و پەیکەری کارگێڕیی وەزارەت و دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان، بڕیاریان ڕاگرتنی گواستنەوەی ڕاژەی فەرمانبەرانیان لەنێوان وەزارەت و دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستاندا داوە.
نەورۆز قازی، سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان راگەیاند: «بۆ ھەندێک فەرمانگە و وەزارەت و بۆ ھەندێک پسپۆڕی و ناونیشان، گواستنەوەی راژە کراوەتەوە، بەڵام سنووردارە زۆر فراوان نییە، بەڵکوو بۆ چارەسەریی کەمیی میلاکە».
جەختیشی کردەوە، حکوومەت ئێستا خەریکی رێکخستنەوەی میلاکاتە، گوتیشی: «وەزارەت و فەرمانگەمان میلاکی خۆیان ناردووە و ئێمەش دەمانەوێت میلاکات بەسەر فەرمانگەکاندا دابەش بکەین، بۆ نموونە، شوێنێک فەرمانبەری زیادەی ھەیە و شوێنێکی تر فەرمانبەری کەمە، ئەو شوێنەی پێویستی بێت ئەوا فەرمانبەری بۆ دەگوازینەوە».
بەپێی زانیارییەکان، بۆ ئەوەی وەکوو پێشوو گواستنەوەی راژەی فەرمانبەران بکرێتەوە و سنووردار نەبێت، پەیوەست کراوە بە تەواوبوونی قۆناخی دووەمی سیستەمی بایۆمەتری.
باسنیوز
