نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی دەبێت بۆ پەرەپێدانی ئابووری عێراق

 نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی دەبێت بۆ پەرەپێدانی ئابووری عێراق
لەمیانەی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ شاندێکی حکوومەتی ئەمەریکا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بازاڕی هه‌رێمی كوردستان گرنگییه‌كی تایبه‌تی ده‌بێت بۆ په‌ره‌پێدانی ئابووریی عێراق.



ماڵپەری فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 4/2/2019 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌مارشال بلینگسلی، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری خه‌زێنه‌ی ئه‌مه‌ریكا و شاندێكی یاوه‌ری كرد.



له‌ دیدارێكدا بلینگسلی خۆشحاڵیی خۆی به‌ دیداری سه‌رۆك وه‌زیران و پێشوه‌چوونه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا به‌تایبه‌تی له‌ بواری ژێرخانی ئابووری و ڕیفۆرم و په‌ره‌پیدانی كه‌رتی تایبه‌ت ده‌ربڕی و ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌ى بۆ هاوكاریكردنی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری به‌هێزكردنی پێگه‌ی ئابووری و ڕیفۆرم له‌ داموده‌زگانی حكوومه‌تدا نیشان دا.



لای خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوكارییه‌كانی‌ ڕابردوو و ئێستاى ئه‌مه‌ریكای بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بازاڕی هه‌رێمی كوردستان گرنگییه‌كی تایبه‌تی ده‌بێت بۆ په‌ره‌پێدانی ئابووریی عێراق، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌مای پاڵپشتیكردن له‌ كه‌رتی تایبه‌ت و ڕاكێشانی سه‌رمایه‌دارانی بیانی بنیات نراوه‌ و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ پێویستییان به‌ هاوكاریی دۆستانیان هه‌یه‌.



دواتر بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و هه‌وڵدان بۆ هه‌ماهه‌نگیی ‌نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێم و عێراق له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌مه‌به‌ستی نه‌هێشتنی توندوتیژی و وشككردنی سه‌رچاوه‌ دارایی و ئابوورییه‌كانی گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كان، تاوتوێ كرا.





باسنیوز
Top