سه‌فار: كار بۆ چاره‌كردنی كێشه داراییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌كه‌ین
له بوودجه‌ی 2019ی له لیژنه‌ی دارایی و فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان به یه‌كگرتوویی توانیان چه‌ند بڕگه‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان زیاد بكه‌ن و تێی بپه‌ڕێنن. بڕیاره له داهاتووشدا كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بكه‌ن.
له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی داهاتوویانەوە، د. ئه‌حمه‌د سه‌فار، له لێدوانێكی تایبه‌تدا گوتی: "له ڕابردوودا كاری خۆمان کرد و توانیمان مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه جیا بكه‌ینه‌وه له كێشه و ململانێكان، لە دوای په‌سه‌ندكردنی بوودجه‌ش، ئێستا چاوه‌ڕوانین له سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار واژۆ بكرێت و له ڕۆژنامه‌ی وه‌قایعی عێراقدا بڵاو بکرێتەوە و ببێته یاسا. دوای گه‌ڕانه‌وەشمان بۆ به‌غدا له لیژنه‌ی دارایی پێشنیارمان كردووه و بڕیاره كار بكه‌ین بۆ دروستكردنی وه‌فدێك له چه‌ند ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی، تاوه‌كو سه‌ردانی حكوومه‌تی هه‌رێم بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی به هه‌ڵپه‌سێردراوی ماونه‌ته‌وه تاوتوێ بكه‌ین، تا بزانین چۆن ده‌توانین چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی له داهاتوودا كاری بۆ بكه‌ین."
د. ئه‌حمه‌د ڕوونى كرده‌وە: "بۆ بوودجه‌ی ئه‌مساڵ هه‌وڵمان دا بۆ ئه‌وه‌ی مووچەی خه‌ڵكه بگات و جموجووڵ له ئابووریی هه‌رێمدا دروست بێت و ده‌رفه‌تی كار بڕەخسێت. بۆ ساڵی داهاتووش هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئەو كێشانەی ماون، چاریان بكه‌ین، بۆیه پێشبینی ده‌كه‌م و گه‌شبینم به‌وه‌ی داهاتوو باشتر ده‌بێت و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌غداش باشتر ده‌بن."
سه‌رۆكی لیژنه‌ى داراییی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق گوتیشى: "له كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدادا سه‌رژمێری گرنگه و ده‌بێ هه‌وڵ بدرێت سه‌رژمێریی گشتی بکرێت تا ڕێژه‌مان دیار بێت. هه‌روه‌ها مه‌له‌فی مافه داراییه‌كان و گومرك و گاز و نه‌وت و مادده‌ی 140 و مافه‌كانی هه‌رێم له‌لای به‌غدا كه چه‌ند ساڵه بوودجه‌یان ڕه‌وانه نه‌كردووه و خه‌رجی سیادییان له‌سه‌رمان حیساب كردووه و مافی شه‌هیدان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌شیان نه‌داوه، بۆ هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی هه‌ن لیژنه دروست ده‌كرێن تا چاره‌سه‌ری كۆتاییان بۆ بدۆزرێته‌وه و ئیدی ئه‌و كێشانه ساڵانه دووباره نه‌بنه‌وه. هه‌روه‌ها ده‌بێ ڕێككه‌وتن بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئەو كێشانەی هه‌ن دووباره نه‌بنەوە و، مافی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌رك و مافی هه‌ردوو حكوومه‌ت دیار بێت، ئه‌وكات كه ڕێككه‌وتن كرا، حكوومه‌ت پرۆژه‌یاسا پێشكه‌ش به په‌رله‌مان ده‌كات و، ئێمه‌ش كاری بۆ ده‌كه‌ین و ده‌یكه‌ین به یاسا."
باسنيوز
