لەبارەی دانانی کامێرای چاودێری لە ھۆڵەکانی وانە گوتنەوە ھۆشداری دەدرێت

لەبارەی دانانی کامێرای چاودێری لە ھۆڵەکانی وانە گوتنەوە ھۆشداری دەدرێت
ئەندامێکی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ڕەخنە لە دانانی کامێرای چاودێری لە ھۆڵەکانی وانە گوتنەوە دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت، کە لایەنی پەیوەندیدار لەو کێشەیە ئاگادار دەکەنەوە.

 

بەرھەم مستەفا، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ڕاگەیاند: "دانانی کامێرای چاودێری لەشوێنە گشتییەکان، کارێکی باشە و کۆنترۆڵی زۆربەی کێشەکان دەکات ، دەکرێت لە قوتابخانەکانیش لە گۆڕەپان و ھۆڵ و ڕاڕەوی قوتابخانەکان دابنرێت".


گوتیشی: "بەڵام بەھیچ شێوەیەک ڕێگە پێدراو نییە ، کە کامێرای چاودێری لە نێو پۆلەکانی وانە گوتنەوە دابنرێت، چونکە ئەو کارە دەچێتە چوارچێوەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پێشێل کردنی ئازادییەکان".


بەپێی زانیارییەکانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، لە چەند ھۆڵێکی وانە گوتنەوەی قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەولێر کامێرا دانراوە، بۆیە لەپێناو پێشێلنەکردنی یاسا و نەبوونی بە دیاردە، وەک یەکێتیی مامۆستایان سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکین کە وردەکاری و زانیاری پێویست لەسەر حاڵەتەکان و کاریگەرە نەرێنییەکان و چارەسەرکردن و ڕێگرتن لێی، دیاری دەکەن.


بەرھەم مستەفا، گوتیشی: "بەمەبەستی چارەسەرکردن و ڕێ گرتن لەو کێشەیە، ڕاپۆرتەکە ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی دەکەین".
bas news-
Top