ڕۆژانە ١٠ بۆ ١٥ خێزانی مووسڵ ئاوارەی ھەرێم دەبنەوە
ڕزگار عوبێد، بەڕێوەبەری کەمپەکانی خازر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئازادکردنی مووسڵ و دەوروبەری لە دەستی داعش ئاوارەکانی کەمپەکان دەستیان بە گەڕانەوە کرد، بەڵام لە ساڵی ڕابردووەوە جارێکی دیکە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان دەبنەوە و دەگەڕێنەوە بۆ کەمپەکان بە جۆرێک کە ساڵی ڕاِبردوو ٨٠٠ خێزان گەڕاونەتەوە و ئەمساڵیش ڕۆژانە ١٠ بۆ ١٥ خێزان ئاوارەی ھەرێمی کوردستان دەبنەوە."
ڕزگار عوبێد گوتیشی: "دوو ھۆکاری سەرەکی ھەیە بۆ دووبارە ئاوارەبوونەوەی خەڵکی مووسڵ، ئەوانیش نەبوونی خزمەتگوزاری و تێکچوونی دۆخی ئەمنی و بەتایبەتیش ترس لە ھێزە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، چونکە ھەست بە ئارامی ناکەن و تەعدایان لێ دەکرێت، بۆیە پێیان خۆشە ئاوارە بن، نەک بەو شێوەیە بژین."
عوبێد باسی لەوەش کرد: "ھەرکاتێک ئاوارە دەبنەوە ئێمە پێشوازییان لێ دەکەین و ھەموو پێداویستییەکیشیان بۆ دابین دەکەین، بەڵام حکوومەتی عێراق ھیچ ھاوکارییەکیان ناکات."
kdp-
