محەمەد خورشید: لە باشووری كەركووك چەند گرووپێكی چەكدار خەریكی ڕاووڕووتن
د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی 3ی پارتی لە كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژانە لە باشووری كەركووك و بەتایبەت لەو ڕێگەیەی دەڕوات بەرەو تكریت و، ئەو ڕێگایەی دەڕواتەوە بەرەو داقووق كۆمەڵێك بازگەی وەهمی دروست كراون، جلوبەرگی سەربازییان لەبەرە و خەریكی ڕاووڕووتن و پارە لە شۆفێران وەردەگرن."
د. محەمەد خورشید دەربارەی ئەوەی كە ئەم چەكدارانە كێن، ڕوونی كردەوە: "باشووری كەركووك ناوچەیەكی كراوەیە بۆ هەموو جۆرە چەكدارێك، ناکرێ دەستنیشان بكرێت کە ئەمانە كێن ڕاووڕووت دەكەن. ئاخر چەندین چەكداری جۆراوجۆر و میلیشیاكان و پۆلیسی فیدراڵی و سوپا و دژەتیرۆری عێراق و چەندان جۆری تر لە ناوخۆ و دەوروبەری كەركووكن. جیا لەوانیش، داعش لە هەندێك ناوچە هەن. بۆیە ناکرێ دەستنیشان بكرێت كە ئەو چەكدارانە كێن. بەڵام ئەوە ڕوونە كە دەسەڵاتدارانی ئەمنیی ئەو سنوورە لە ئاست ئەو گرووپانەدا بێدەنگن."
بەرپرسی لقی 3ی پارتی لە كەركووك ئاماژەیشی دا: "بە هۆی بێسەروبەریی هێزەكانی كەركووكەوە بۆشاییەكی ئەمنیی زۆر دروست بووە. ئاخر مەسەلەی كەركووك تایبەتە و بە پێی دەستوور ناوچەیەكی ناكۆكیلەسەرە و پێویستە بە هەماهەنگیی هەرێم و عێراق بەڕێوە ببرێت."
kdp-
