بە ڕێوڕەسمێکی شایستە پێشوازی لە جەنازەی میر تەحسین بەگ دەکرێت
کەریم سلێمان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "بڕیارە سبەی کاتژمێر ٩ی بەیانی بە ڕێوڕەسمێکی شایستە و بە ئامادەبوونی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد جەنازەی میر تەحسین بەگ بگاتەوە هەرێم."
کەریم سلێمان زانیاریش دا: "لە هەولێری پایتەختەوە دەیهێنینە شاری دهۆک و لە ناوەندی قەزای شێخان، هەر لە ماڵی میردا بە خاکی دەسپێرین."
میر تهحسین بهگ ڕۆژی دووشەممه، 28ی مانگی ڕابردوو لە نەخۆشخانەیەکی شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا لە تەمەنی 86 ساڵیدا كۆچی دواییی كرد.
میر تەحسین سەعید عەلی بەگ، لە ڕۆژی 15ی ئابی ساڵی 1933 لە ناوچەی باعەدرێی سەر بە قەزای شێخان لەدایک بوو. لە هاوینی ساڵی 1944 کاتێك کە میر تەحسین بەگ تەمەنی نزیکەی 11 ساڵ بوو، بە هۆی کۆچی دواییی باوکییەوە، لە لایەن دایە گەورەیەوە بۆ پۆستی میری کوردانی ئێزدی بەربژێر کرا.
پێگەی میر لە نێو ئێزدییاندا بە ڕابەری ئێزدییان دادەنرێت و تەحسین بەگ ئەو پۆستەی هەبوو، هەروەها میر پشتیوانیی هەموو هەڵوێستی ئایینی و نەتەوەیی بووە و لە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانیشدا بە دەنگێکی زوڵال داوای لە سەرجەم ئێزدییان کرد پشکداری لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستاندا بكەن.
kdp-
