ئاراس خۆشناو: لە هەرێم بووژانەوەیەكی ئابووری دێتە ئاراوە
دكتۆر ئاراس خۆشناو، پسپۆڕی كارگێڕیی و دارایی و مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وا چاوەڕوان دەكرێت لە دووای ناوەڕاستی ساڵی 2019 قەیرانیكی دارایی جیهانی ڕوو بدات، بەتایبەت لە ئەورووپا. بەڵام بە پێچەوانەوە لە هەرێمی كوردستان پێشهاتەكان بەو ئاراستەیەن كە بووژانەوەیەكی ئابووری دێتە ئاراوە. ئاخر بەشی هەرەزۆری هۆكارەكانی دروستبوونی قەیرانی دارایی لە هەرێم زۆر كز بوونە و خەریكە كۆتاییان پێ دێت.
خراپیی پەیوەندییە سیاسییەكانی هەرێم و بەغدا فاكتەری سەرەكیی دروستبوونی تەنگەژەی داراییی هەرێم بوو، بەڵام ئێستا هەولێر و بەغدا لە ڕووی سیاسییەوە پەیوەندیەكانیان زۆر بەرەوپێش چووە و لەسەر زۆربەی پرسە سیاسی و ئابوورییەكان گەیشتوونەتە خاڵی هاوبەش. ئاخر بەرقەراربوونی ئارامی و ئۆقرەییی سیاسی یەكێكە لە فاكتەرە سەرەكییەكانی بووژانەوەی ئابووری. نەمانی شەڕی تیرۆریش باری هەرێمی زیاتر سووك كردووە."
نیچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم چەندین جار ڕایگەیاندووە كە ئەولەویەتی حكوومەتی هەرێم ئەوە دەبێت كە شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم بەبێ پاشەكەوت دابین بكەن و پاشەكەوتی مووچە نەهێڵن.
دەربارەی هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچە ئەو پسپۆڕەی دارایی، جەختی كردەوە: "چاوەڕوان دەكرێت لە حكوومەتی نوێی هەرێمدا پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران نەمێنێت. چونكە هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە توانای داراییی هەرێم زۆر باش دەبێت و بارودۆخی سیاسی و ئابووری وردە وردە جێگیر دەبێت. بەڵام پێویستە ئەو پڕۆژەچاكسازییەی لە پەرلەمانی كوردستان هەیە بۆ شایستە داراییەكان جێبەجێ بكرێت."
kdp-
