دزینی نه‌وتى كه‌ركووك به‌رده‌وامه
سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار ڕای گه‌یاند، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی له سنوورى قه‌زاى دوبزى سه‌ر به پارێزگاى كه‌ركووك، بۆرییه‌كى نه‌وتیان كون كردووه و له‌و بۆرییه‌وه نه‌وت ده‌رده‌هێنن، پاشان له‌ناو شارى كه‌ركووك و ده‌یفرۆشن، به‌هۆی ئه‌وه‌ى كه ئێستا خواست له‌سه‌ر نه‌وت زیاتره له كاتى تر، چونكه ئێستا وه‌رزى زستانه و حكوومه‌تیش وه‌ك پێویست نه‌وت به‌سه‌ر خێزانه‌كاندا دابه‌ش ناكات.
سه‌رچاوه‌كه ئاشكراشی كرد، ئێستا رۆژانه تانكه‌رى نه‌وت له سنوورى كێڵگه نه‌وتییه‌كانى كۆمپانیای نه‌وتى باكوور پڕ ده‌كرێت و به‌ره‌و سنوورى سلێمانى ده‌برێت، پاشان ئه‌و نه‌وته ده‌برێته ئێران و داهاتى ئه‌و نه‌وته‌ش بۆ حه‌شدى شه‌عبی و گرووپی خیانه‌تكارانی کوردە، كه پێشتر كه‌ركووكیان ڕاده‌ستى حه‌شدى شه‌عبی كرد.
له‌م باره‌یه‌وه، عه‌بدولقادر جیهان، ئه‌ندامى جڤاتی نیشتمانیی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕای گه‌یاند: "دیارده‌ى دزیكردنى نه‌وتى كه‌ركووك هه‌یه و دز هه‌ر دزه، چونكه دزیی پۆلێن ناكرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و دزانهى نه‌وته چ كورد بن یاخود عه‌ره‌ب و هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كى تر بن، هه‌ر ئه‌و كرده‌ویه ده‌كەن. كونكردنى بۆڕییه‌كانى نه‌وتى كه‌ركووك كه ئێستا ده‌كرێت، پێشتریش هه‌ر كراوه، هه‌ندێك له به‌رپرسه‌كان ئێستا تێوه گلاون، هه‌روه‌ها له‌و كرده‌وه‌یه‌دا هه‌ندێك له به‌رپرسانى سه‌ربازیى كوردیش هاوبه‌ش بوونه له بردنى نه‌وتى كه‌ركووك، ئه‌مه‌شیان هه‌ر ده‌گه‌ڕێنمه‌وه بۆ بوونى گه‌نده‌ڵیى سه‌رتاسه‌رى، كه ئه‌م وڵاته‌ى گرتووه‌ته‌وه، راسته كه‌ركووك شارێكى ده‌وڵه‌مه‌نده و ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش هه‌تا گه‌نده‌ڵی بنه‌بڕ نه‌كرێت و گه‌نده‌ڵكاران لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌كرێت، هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى، كه ئه‌و بۆڕییانهى نه‌وتى كه‌ركووك كه كون ده‌كرێن، ئایا نه‌وته‌كه له بازاڕی ره‌شدا ده‌فرۆشرێت یاخود به تانكه‌ر ده‌برێت بۆ ئێران و به‌شێك له مافیای كوردیش ده‌ستی هه‌بووبێت له‌و كرده‌وه‌یه‌دا، ئه‌و به‌رپرسه‌ى گۆڕان، گوتی: "له‌م وڵاته‌دا یاسا سه‌روه‌ر نییه، ئه‌وانه‌ى كه پێچه‌وانه‌ى یاسا مامه‌ڵه ده‌كه‌ن و لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ناكرێت، به‌داخه‌وه ئێستا پارێزه‌رى ئه‌و یاسایه‌ن كه دانراوه، خۆیان گه‌نده‌ڵن ئیتر چۆن یاسا جێبه‌جێ ده‌كرێت؟ “.
پێوه‌ند به‌م باسه، كه‌مال جه‌بارى، به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانى مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركووكى كۆمه‌ڵی ئیسلامی ڕای گه‌یاند: "هه‌ر كار و كرده‌وه‌یه‌ك کە دەكرێت ئەگەر به‌رپرسی له‌پشته‌وه نه‌بێت، بێ گومان ئه‌نجام نادرێت، چونكه كه‌سانى ئاسایی یاخود پۆلیس یان سه‌ربازێك ناتوانێ بۆریی نه‌وت كون بكات و پاشان تانكه‌رى لێ پڕ بكات و بیفرۆشێت به‌و شوێنانه‌ى، كه خۆیان له‌سه‌رى رێك كه‌وتوونه، بێ گومان ئه‌و كه‌سانه‌ى كه ئێستا بۆریی نه‌وتى كه‌ركوك كون ده‌كه‌ن، به‌رپرسی باڵایان له‌پشته، ئه‌وانه‌ش بۆ خۆیان باندن و ئێستا له عێراقدا گه‌نده‌ڵییه‌كى زۆر ده‌كرێت، ئه‌و نه‌وته‌ى كه ده‌برێت هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كى خه‌ڵكى تێدا نییه، ئێستا ده‌بینین كه خه‌ڵك بۆ به‌شه نه‌وتى خۆی له سەرهدا ده‌وه‌ستێ، تاوه‌كوو چه‌ند لیتر نه‌وتێكیان بده‌نێ، ئه‌مه‌ش كاره‌ساته، چونكه كه‌ركووك خۆی ژێر خاكه‌كه‌ى پڕه له نه‌وت و غاز و كانزا، كه‌چی خه‌ڵكه‌كه به ده‌به نه‌وتیان ده‌ده‌نێ، ئه‌وه‌یش دواى ماوه‌یه‌كی زۆر له چاوه‌ڕوانیى له سەرهدا ده‌بن و ئه‌گه‌ر به‌ریان بكه‌وێت، ته‌نانه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ى كه نه‌وت و غازیان نییه، دۆخی خهڵكهكهكانیان له خه‌ڵكى ئێمه زۆر باشتره“.
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى ئایا خه‌ڵك ناتوانێت له‌به‌رامبه‌ر بردنى نه‌وتى كه‌ركووك له‌لایه‌ن چه‌كداران و مافیاكانه‌وه خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ئه‌نجام بدات، ئه‌و به‌رپرسه‌ى كۆمه‌ڵی، گوتی: ”خه‌ڵك ئاماده‌یه خۆپیشاندان بكات و ناڕه‌زایی ده‌رببڕێ و مانیش بگرێ، به‌ڵام ئه‌و هێزه‌ى كه ئێستا له كه‌ركووكن، هێزێكن چه‌ندین كه‌سیان بردووه و تاوه‌كوو ئێستا چاره‌نووسیان نادیاره و خه‌ڵك بێ سه‌روشوێن ده‌كرێت، خه‌ڵك به‌گشتى چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌كات كه كۆتایی به‌و دیارده‌ى دزینى نه‌وته بهێنرێ“.
ڕاشی گه‌یاند: "تا ئێستا بردنى نه‌وتى كه‌ركووك به تانكه‌ر بۆ ئێران به‌رده‌وامه، حه‌شدى شه‌عبی و به‌رپرسی كوردیش هه‌یه پێكه‌وه به هاوبه‌شی ئه‌و نه‌وته ده‌به‌ن. له‌م ماوه‌ى رابردوودا كه‌سێك له‌سه‌ر هه‌مان پرس سكاڵاى له‌سه‌ر كۆمپانیای نه‌وتى باكوور پێشكه‌ش كرد، ئیتر به زۆر سكاڵاكه‌یان له‌ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌ى كه‌ركووك پێی كشاندنه‌وه، ئه‌وان رۆژانه نه‌وت ده‌به‌ن و ده‌یفرۆشن“.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى دابه‌شكردنى به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كانى كه‌ركووك له نوێترین بڕیاریدا، بڕیاری داوه كه له‌برى پێدانى 100 لیتر نه‌وتى سپیی مانگانه به هه‌ر خێزانێكى كه‌ركووك، به‌پێی كۆبۆن، له‌ئێستاوه مانگانه بڕی 50 لیتر نه‌وتیان به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌كرێت و له رۆژی شه‌ممه‌ی رابردووه‌وه 26/1/2019، ئه‌و بڕیاره چووه وارى جێبه‌جێكردنه‌وه.
ئێستاش ئه‌و بڕیاره‌ى به‌رێوه‌به‌رایه‌تیى دابه‌شكردنى به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كانى كه‌ركووك، خه‌ڵكى كه‌ركووكى تووڕه كردووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌م وه‌رزى زستانه، بڕیارى كهرمكردنهوهى بڕی پێدانى نه‌وتى سپی به ماڵان كه‌م كراوه‌ته‌وه، له‌كاتێكدا ئێستا خه‌ڵك زیاتر پێویستی به نه‌وته.
هاوكات، به‌شێك له هاووڵاتییانى كه‌ركووك، له ئه‌كاونته‌كانى خۆیان له(فه‌یسبووك) ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه له كاتێكدا ئێستا به‌شێك له نه‌وتى شاره‌كه‌یان له‌لایه‌ن مافیاكانه‌وه ده‌دزرێت، كه‌چی كه‌ركووكییه‌كان مانگانه ته‌نیا دوو ده‌به نه‌وتییان پێ ده‌درێت.
پێش 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017، حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان، نه‌وتى هه‌ردوو كێڵگه‌كانى هاڤانا و بای حه‌سه‌نی له رێگاى نهوتبهرى هه‌رێمى كوردستانه‌وه ڕه‌وانه‌ى ده‌رەوه ده‌كرد و له‌به‌رامبه‌ردا مانگانه بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وه‌ك بودجه‌ى پترۆ دۆلاری شاره‌كه ده‌نارد بۆ كه‌ركووك، به‌ڵام له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه، نه‌وتى كه‌ركووك به تانكه‌ر ده‌برێت بۆ ئێران و به‌شێكیشی له بازاڕی ره‌شدا ده‌فرۆشرێت.
ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا، هه‌ردوو حكوومه‌تى عێراق و هه‌رێمى كوردستان رێك كه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه به‌شێك له نه‌وتى كه‌ركووك له رێگاى بۆڕیی نهوتبهرى هه‌رێمى كوردستانه‌وه هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه بكرێت و تاوه‌كوو ئێستا رۆژانه كه‌متر له 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى كه‌ركووك به شێوه‌یه‌كى فه‌رمى ده‌نێردرێته ده‌ره‌وه، به‌ڵام به‌پێی گوته‌ى به‌رپرسان، به‌قاچاخبردنى نه‌وتى كه‌ركووك بۆ ئێران نه‌وه‌ستاوه.
هه‌روه‌ها جوان حه‌سه‌ن، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك، ڕای گه‌یاند: "دزین و بردنى نه‌وتى كه‌ركووك هه‌یه و ئه‌و دزییه پێشتریش هه‌ر هه‌بووه و هه‌ر لایه‌نێك له شاره‌كه باڵاده‌ست بووبێ، ئه‌وا ده‌ستی به دزینى نه‌وتى شاره‌كه كردووه، ئێستاش له كه‌ركووك گرووپه میلیشیاكانى لێییه و ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتدارن و نه‌وته‌كه‌ى كه‌ركووك ده‌دزرێت و له‌وه‌شدا زیانمه‌ندى سه‌ره‌كى خه‌ڵكى پارێزگاى كه‌ركووكن".
جوان، حه‌سه‌ن، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، كاتێك باسی دزینى نه‌وت له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منییه‌كانى كه‌ركووك بكه‌یت، ئه‌وان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه لێكۆڵینه‌وه له‌و باره‌یه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ن و رێگه ناده‌ن نه‌وتى كه‌ركووك بدزرێت، به‌ڵام ده‌ركه‌وتووه كه به‌دواداچوونه‌كانیان لاوازه و بۆ بنه‌بڕكردنى ئه‌و دیارده‌یه له ئاستی پێویستدا نین، له كه‌ركووك و هه‌موو عێراقدا ئه‌گه‌ر كه‌سانى به‌رپرس له‌گه‌ڵ مافیاكاندا هاوبه‌ش نه‌بن، ئه‌وا مافیاكان ناتوانن به‌تایبه‌ت له دزینى نه‌وتدا، كه كارێكى هه‌ستیاره، ئه‌نجام بده‌ن، بۆیه ئه‌و كه‌سانه‌ى باڵاده‌ستن، له دزینى نه‌وتدا هاوبه‌شن، چونكه ئه‌گه‌ر هاوبه‌ش نه‌بن، ئه‌وا ئه‌و مافیایانه زوو ده‌ستگیر ده‌كرێن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاوبه‌ش بوون، ئه‌وا چاوپۆشی له مافیاكان ده‌كرێت.
باسنيوز
