لەم مانگەدا ڕێککەوتنە بازرگانییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا جێبەجێ دەکرێن
نەوزاد ئەدھەم، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "چەندین ڕێککەوتن سەبارەت بە بواری بازرگانی لە نێوان ھەرێم و بەغدا ئەنجام دەدرێن لە بواری ھاوردە و هەناردەکاران و فۆرمی خۆراک و کۆمپانیاکان و شاندێکی دیکەی ھەرێم دەچێتە بەغدا بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی."
نەوزاد ئەدھەم گوتیشی: "ئێمە بەرنامەی سەردانەکەمان ئامادە کردووە و تەنیا ماوە کاتی سەردانەکە دیاری بکرێت و پێشتریش چەند سەردانێکی دیکەمان بۆ بەغدا کردووە."
ئەدھەم باسی لەوەش کرد: "بڕیارە ١٧ی ئەم مانگە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان یەک ڕەسمی گومرکیی یەکگرتوو جێبەجێ بکرێت و ئەوکات خاڵە گومرکییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا نامینێن و بە تەواوی ھەڵدەگیرێن، لەبەر ئەوەی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانیش بۆ داخستنیان دەرچووە و پێشتریش لە پەرلەمان بڕیاری داخستنیان دەرچووە و ئەمجارە ھەڵینەگرن، واتە حیساب بۆ فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران ناکەن، بۆیە ئەگەر ئەوە ناوەڕاستی ئەم مانگە جێبەجێ بکرێت دەبێتە ھەنگاوی یەکەمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە بازرگانییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا."
kdp -
