چوار کەس بەھۆی ڕووداوەکەی شەوی ڕابردووی کەلار دەستگیر کران
ڕائیدی مافپەروەر عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ڕايگەیاند: "بەھۆی ڕووداوەکەی شەوی ڕابردوو 1/2/2019ی گەڕەکی (بەردەسوور)ی کەلار، چوار گومانلێکراو لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیر کراون"، گوتیشی: "گومانلێکراوەکان لەبەشی بەڵگە و تاوان لەژێر لێکۆڵینەوەدان".
ھەر ئەمڕۆ شەممە 2/2/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد: "شەوی ھەینی 1/2/2019 لە گەڕەکی (بەردەسوور)ی کەلار، باندێک بەمەبەستی دزیکردن چوونەتە ماڵی ھاووڵاتییەکەوە، سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەیان قۆڵبەست کردووە و بەچەقۆ پیاوی خاوەن ماڵیان بەناوی (م، ا، ح) لەدایکبووی 1970 کوشتووە و بڕێکی زۆری پارەشیان دزیوە و ھەڵاتوون".
باسنيوز
