داوا دەکرێ سەرۆک بارزانی لە دیاریکردنی ئایندەی کورد لە سووریا ڕۆڵ بگێڕێت

 داوا دەکرێ سەرۆک بارزانی لە دیاریکردنی ئایندەی کورد لە سووریا ڕۆڵ بگێڕێت
ئەمڕۆ شەممە 2ـی 2ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندی دەستەی دانوستانكاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا كرد كە پێكهاتبوون لە د. نەسر حەریری سەرۆكی دەستە و ئەندامانی دەستەی دانوستانكاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانیان كرد لە پاڵپشتیكردن و پەرۆشی بۆ بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی خەڵكی سووریا لە شەڕ و قەیرانە قووڵەكانی ساڵانی ڕابردوو و وێڕای جەختكردنەوە لە پێگە و كاریگەریی سەرۆك بارزانی لە چارەسەركردنی كێشەكان، داوایان كرد سەرۆك بارزانی ڕۆڵی هەبێت لە سەرخستنی ئەو هەوڵانەی كە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سووریا و ئاییندەی كورد لە سووریا لە ئارادان.

هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی زلهێز و دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی سووریا، هەروەها بڕیاری پاشەكشەی هێزەكانی ئەمریكا لەو وڵاتە ئاڵوگۆڕ كرا و جەختیش لە هاوكاری و هەماهەنگی هەموو لایەك كرایەوە بۆ ئەوەی گرفتەكان لە ڕێگەی سیاسی و بەشێوازی دیالۆگ و لێكتێگەییشتن چارەسەر بكرێت.

هاوکات ڕۆشناییش خرایە سەر ڕۆڵی لایەنە سیاسییە كوردییەكانی سووریا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و تێپەڕاندنی قەیرانەكان.











باسنيوز
Top