سەعدی پیرە: لەم ڕۆژانەدا پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە
پاش ئەوەی دەنگۆی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی ئەمڕۆ شەممە ٢ی شوباتی ٢٠١٩ بڵاو کرایەوە، سەعدی پیرە، گوتەبێژی فەرمی و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕای گەیاند: “ئەمڕۆ هیچ کۆبوونەوەیەکمان نییە، بەڵام لەم ڕۆژانە کۆبوونەوە دەکەین و هێشتا ڕۆژەکەی بە تەواوی دیاری نەکراوە”.
باسیشی لەوە کرد کە شاندە سیاسییەکە و شاندی پێکهێنانی حکوومەت “پێکەوە و لە یەک ڕۆژ و لە یەک کاتدا کۆدەبنەوە”.
سەعدی پیرە پێیوایە کە بابەتی کۆبوونەوەی سێقۆڵیی نێوان پارتی و یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان “بە هەڵە گواستراوەتەوە” و ئەو کۆبوونەوەیە “دەکەوێتە دوای کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی”.
بڕیاربوو ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ١ی ٢٠١٩، کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەنێوان پارتی و یەکێتی ئەنجام بدرێت، بەڵام دواتر سەعدی پیرە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند کە ئەوان “بەهۆی ئامادەنەبوونی ئەندامانی شاندی یەکێتی”، داوایان لە مەکتەبی سیاسیی پارتی کردووە، کۆبوونەوەکە دوابخەن.
باسنیوز
