میسر ڤیزەی هەرێمی كوردستان لە عێراق جیادەكاتەوە

 میسر ڤیزەی هەرێمی كوردستان لە عێراق جیادەكاتەوە
ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی دەرەوەی میسر ڕێنماییەكی بۆ هاووڵاتیانی خۆی لە هەرێمی كوردستان دەركرد و پێیراگەیاندن ئەگەر بەنیازی سەردانیكردنی شارەكانی عێراقن، پێویستە ڤیزا لە باڵوێزخانەی عێراق وەرگرن، بەم بڕیارەش ڤیزەی هەرێمی كوردستان و عێراقی لەیەكدی جیا كردووەتەوە.


وەزارەتی دەرەوەی میسر لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ هەینی بڵاوی كردووەتەوە، رایگەیاندووە "لەژێر رۆشنایی چاودێرییەكانی وەزارەتی دەرەوە بۆ باری هاووڵاتیانی میسر لە دەرەوەی وڵات، هاووڵاتیانی خۆمان لە هەرێمی كوردستان ئاگەدار دەكەینەوە، بەر لەوەی لە هەرێمی كوردستانەوە گەشتی هەر شارێكی عێراق بكەن، ڤیزەی عێراق لە باڵوێزخانەی عێراق لە قاهیرە وەربگرن".


ئەم بڕیارەی وەزارەتی دەرەوەی میسر بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە دەدات كە ڤیزەی هەرێمی كوردستان جیاوازە لە ڤیزەی عێراق، ئەگەرچی هەردوو ڤیزەی هەرێمی كوردستان و عێراقیش بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە دەردەچن.

Top