نەرمین: دووژمن پێت ڕەوا نابینێ لەخۆشیدابی.. قاچاغ: تەنیا به‌ یەکڕیزی دەگەینە ئامانج

	 نەرمین: دووژمن پێت ڕەوا نابینێ لەخۆشیدابی.. قاچاغ: تەنیا به‌ یەکڕیزی دەگەینە ئامانج
بەرپرسانی پارتی و یەکێتی ده‌ڵێن، پێویستە یادی کارەساتی یەکی شوبات ببێتە ھۆی ئەوەی کە کورد یەک ڕیز و یەک ھەڵوێست بێت، چونکە ئەم یادە پێمان دەڵێ، کە تەنیا بە یەکڕیزیش دەگەینە ئامانجەکانمان.

لەساڵی ٢٠٠٤لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ دوو تەقینەوە لە یەک کاتدا لە ھەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕویاندا، بەو ھۆیەوە ١٠١کەس لە ھەردوو تەقینەوەکە بوونە قوربانی.

ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، قادر قاچاغ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "له‌ یادی کارەساتی یەکی شوبات دا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە دوژمنانی کوردستان ھیچ جیاوازی ناکان چ حیزب و چ ئاینێکە، تەنیا مەبەستیانە کە کوردین، چونکە لەو تەقینەوەیە کە بارەگای یەکێتی و پارتیان کردە ئامانج کەسانی حیزبی و ئاینی و سڤیل و ھەموو جۆرە کەسێکیان کردە قوربانی، بۆیە پێویستە ئەمە ببێتە وانەیەک بۆ ئێمە کە یەکڕیز بین.

قادر قاچاغ گوتیشی، "تەنیا بە یەکڕیزی دەگەینە ئامانج و دەستکەوتەکان بەدەست دێن، بۆیە پێویستە یەکڕیز و یەک ھەڵوێست بین، چونکە ئەوەی دژایەتی ئێمە دەکات بەناوی کورد بوونەوه‌یه‌ نەک حیزبی بوونه‌وه‌.

قاچاغ ده‌شڵێ، "ھەمووان کۆکین لەسەر دژایەتی کردنی تیرۆر و بنبڕکردنی تیرۆر، بۆیە نەک ئێمە ھەموو جیھان لەسەر ئەوە کۆکە و تیرۆریش لەبەر ئەوەی ناتوانی ھێرش بکات کردەوەی ترسنۆکانە دژی کورد ئەنجام دەدەن.

لای خۆشیەوە نەرمین عوسمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "یادکردنەوەی کارەساتی یەکی شوبات پێویستە وابکات ھەمووان یەکڕیز و یەک ھەڵوێست بین، لەبەر ئەوەی بەم شێوەیە دوژمن ناتوانی زەفەرمان پێببات، دووژمنیش کاتێک زەفەرمان پێدەبات کە یەکڕیز نەبین، بۆیە کە کارەساتی شوبات ڕوویدا نەیووت ئەمە یەکێتییە یاخود پارتییه‌ و لە مه‌ڵبه‌ندی سێ و لقی دووش تەقینەوەیان ئەنجامدا.

نەرمین عوسمان گوتیشی، "دوژمنی کورد کە تەقینەوەکەی ئەنجامدا لەیادێکی خۆشی بوو کە جەژن بوو، ئاخر پێت ڕەوا نابینێ لەخۆشیدابی، بۆیە ده‌بێ ئەم یادە ببێتە ئەزموونێک بۆ یەکڕیزیی نەتەوەیمان.
kdp-
Top