هاوڕێ و هاوسەنگەرەكانی: ئیدریس بارزانی ئیڕادە و ئومێدی ڕۆژانی سەخت بوو

هاوڕێ و هاوسەنگەرەكانی: ئیدریس بارزانی ئیڕادە و ئومێدی ڕۆژانی سەخت بوو
كاتێك كە پەڕەكانی مێژوو هەڵدەدرێنەوە و قسە لەبارەی كەسانی كاریگەر و خاوەن كەسایەتیی بەهێزی مێژووی كورد دەكرێت، دەبێ لە یەكێك لەو پەڕانەدا ناوی ئیدریس بارزانی ببیندرێت، هاوڕێ و هاوسەنگەرەكانی ئیدریس بارزانی بە ئەندازیاری هەوڵەكانی یەكڕیزیی گەلی كوردی دادەنێن، پێیان وایە ئیدریس بارزانی ئیڕادە و ئومێدی ڕۆژانی سەخت بوو، بۆیە كۆچی دواییی ئەو، خەسارەتێكی گەورە بوو بۆ گەلی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان.

حەسەن حەدۆ، هاوڕێ و بەرپرسی لقی 26ی گوڵان لە دەڤەری باڵەكایەتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كۆچی دواییی ئیدریس بارزانی خەسارەتێكی گەورە بوو بۆ گەلی كوردستان لە هەرچوار پارچەی كوردستان، لەبەر ئەوەی كەسایەتییەكی گەورەی بنەماڵەی بارزانی نەمر بوو، هەروەها ڕۆڵێكی گەورە و سەرەكیی بینی لە دروستكردنی بەرەی كوردستانی، هەروەها ئاشتبوونەوەی هەموو لایەنە سیاسییەكان و گەلی كوردستان، بۆیە لەو كات و ساتەدا لە دەستدانی ئیدریس بارزانی بۆ گەلی كوردستان خەسارەتێگی گەورە بوو و بە هیچ شێوەیەك قەرەبوو ناكرێتەوە، هەر بە هەوڵ و ماندووبوونی ئیدریسی جوانەمەرگ بوو كە ئەو یەكێتی و تەباییە دروست بوو، لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991 ئەو سەركەوتنە بە دەست هات، بۆیە گەلی كوردستان هەمیشە پەرۆشی ئەو سەركردە و قارەمانە بوو، چونكە خەمخۆری هەژاران و لێقەوماوان بوو."

میرۆ كەریم، پێشمەرگەی هەر دوو شۆرشی ئەیلوول و گوڵان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "ئیدریس بارزانی، كەسایەتییەكی گەورە و سەركردەیەكی لێهاتووی گەلەكەمان بوو، هاوكارێكی بەهێزی بارزانی نەمر بوو، كەسێكی شارەزا و لێزان بوو، ماندوویینەناس بوو، هیچ كاتێك لە كارەكانی ماندوو نەدەبوو، لە داستانی هەندرێن و زۆزك و گەرووی عومەرەغا ڕۆڵێكی گەورەی بینی، سەرپەرشتیی داستانی هەندرێنی كرد، لە 1974 لە هێلی پێشەوەی شەڕ بوو، لە سەرتاسەری كوردستان قیادەی پێشمەرگەی دەكرد، هەموو كارەكانی بە باشی و بەسەركەوتوویی ئەنجام دەدا، لە بواری سەربازی و سیاسی ڕۆڵێكی گرنگ و دیاری هەبوو، ئەو سەركەوتنە گەورەیەی شۆڕشی ئەیلوول و شكستی حكوومەتی ئەوسای عێراق، حكوومەتی عێراق گەیاند بەو باوەڕەی كە ناتوانێ كێشەی كورد بە شەڕ یەكلا بكاتەوە، ناچار بوو پەنا بباتە بەر دانوستاندن لەگەڵ سەركردایەتیی شۆڕش بە ڕابەرایەتیی بارزانی نەمر".

دەشڵێ: "ئیدریس بارزانی مامۆستا بوو، لە ئاوارەیی لە ساڵی 1975 ماندووبوونێكی زۆری بینی، بۆ ئەوەی بە هەزاران خێزان لە ناو بەفر ڕزگار بكات، ئەو چەند ساڵەی كە لە ئێران بوو، وەك قائیدێكی گەورە دوای بارزانی نەمر، لەگەڵ سەرۆك بارزانی، نەیانهێشت ئاڵای ڕێبازە پیرۆزەكەی پارتی و بارزانی بكەوێتە ئەرز و دوژمنانی كوردستانیان نائۆمێد كرد و توانیان شۆڕشی گوڵان بگەیەننە ڕاپەڕین".

سلێمان حاجی، پێشمەرگەیەكی دیكەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "شەهیدی نەمر، ئیدریسی جوانەمەرگ، هەموو ژیانی خۆی تەرخان كردبوو لە پێناو بەدەستهێانی مافی گەلی كوردستان، هەر لە منداڵییەوە چەكی شۆڕشی كردبووە شان و لە ساڵی 1961 بوو بە پێشمەرگە، كە ئەو كات تەمەنی تەنیا 17 ساڵ بوو، هەرزوو ڕۆڵی خۆی بینی، ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبوو لەو شەڕانەی كە بەرپا كران، لە گفتوگۆی ڕێككەوتننامەی 11ی ئازاری ساڵی 1970 ڕۆڵێكی كاریگەری گێڕا و بەشدار بوو لە دانوستاندنەكاندا و لە خوێندنەوەی بەیاننامەی 11ی ئازار لە لایەن ئەحمەد حەسەن بەكرەوە، وەكو نوێنەری بارزانی نەمر ئامادە بوو، پاش ئەوە ڕۆڵێكی سەرەكیی بینی لە چارەكردنی كێشەكانی نێوان حكوومەتی عێراق و كوردستان، بۆیە لە هەر شوێنێك بووایە ڕۆڵێكی كاریگەری دەبینی لە چارەكردنی كێشەكان، بۆیە سەركردەیەكی شۆڕشگێر بوو".
KDP-
Top