وڵاتی یۆنان، کونسوڵخانە لە هەولێر دەکاتەوە

  	  وڵاتی یۆنان، کونسوڵخانە لە هەولێر دەکاتەوە
- لە دیدارێکی لەگەڵ نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر، ئیفسا یمیۆس كۆستۆ پۆڵۆس، كونسوڵى گشتى نوێی یۆنان له‌ هه‌ولێر وادەی کردنەوەی کونسوڵخانەی یۆنانی ئاشکرا کرد.

بەگوێرەی راگەیه‌ندراوێکی پارێزگای هەولێر، وڵاتی یۆنان بڕیاریداوە، ئەو نوێنەرایەتیەی لە هەولێر هەیبوو، بگۆڕێت بۆ کونسوڵخانەی گشتی و کارەکانی زیاتر پەرە پێبدات.

هەر بەگوێرەی راگەیندراوەکە: "كونسولى گشتى نوێی یۆنان خۆشحاڵى خۆی به‌هاتنى بۆ هه‌رێمى كوردستان نیشاندا و ئه‌و پێشكه‌وتن و ئاوه‌دانى و سه‌قامگیرییه‌ى هه‌ولێری پایته‌ختى به‌ نموونه‌ى باڵا وه‌سفكرد و هیواى خواست له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا رێوره‌سمى كردنه‌وه‌ى كونسولگه‌رێتى ووڵاته‌كه‌ى له‌هه‌ولێری پایته‌خت به‌رێوه‌بچێ كه‌ پێشتر وه‌كو نوێنه‌رایه‌تى كار و هه‌ڵسوراندن بوو، بڕیاری بۆ ده‌رچووه‌ كه‌ له‌مه‌ودوا وه‌ك كونسولگه‌رێتى به‌رده‌وام بێت".

ئەرکی ئەو کونسوڵخانەیە ئاسانکاریی دەبێت بۆ بەرەوپێشبرنی کەرتی گەشتیاریی و بارزگانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی یۆنان.

نزیکەی 40 کونسوڵخانە و نووسینگەی نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان هەن، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش نیازی هەیە، زیاتر هانی وڵاتان بدات نوێنەرایەتییان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە.
kdp-
Top