لە سنووری خانەقین هێزی پێشمەرگە هێرشێکی داعشی تێکشکاند
شێرکۆ تۆفیق، کارگێڕی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین، لەمبارەوە ڕايگەیاند: "کاتژمێر ١٠ی شەوی ڕابردوو داعش هێرشی کردووەتەوە سەر سەنگەرێکی لیوای ٣ی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە بەرگرییان کرد و داعش تێکشێنراوە".
ئەو کارگێڕەی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین گوتیشی: "بە هۆی ئەو هێرشەی داعشەوە پێشمەرگەیەک بریندار بووە و لە نەخۆشخانەی کەلار چارەسەری پێویستی بۆ کراوە".
تا ئێستا لە سنووری خانەقیندا زیاتر لە ٢١ گوندی کوردنشین چۆڵ بوون و عەرەبی هاوردە و ئەو عەرەبانەی لە گوندەکان بوون ماونەتەوە، شێرکۆ تۆفیق ئاماژەی بەوەش دا "ئەو ڕەبایەی کە داعش شەوی ڕابردوو هێرشی کردووەتە سەری، ١٣ کیلۆمەتر لە ناوەندی خانەقینەوە دوورە"، بەڵام دوای ئەوەی داعش لە پەلاماردانەکەی شکستی هێناوە، لەسەر ڕێگەی سەنگەری پێشمەرگە کە نزیکی مەزارگەی "باوە مەحموود"ە بۆمبیان داناوە، بۆ ئەوەی لە ئەگەری هاتنی هێزی پشتیوانی بۆ لیوای سێ بتەقێتەوە، بەڵام ئەو بۆمبانە دواتر لەلایەن هەڤاڵەکانمانەوە پووچەڵ کرانەوە".
ڕوونیشی کردەوە لە ماوەی هەر ٢٤ کاتژمێردا جارێک کارێکی تیرۆرستی لە خانەقین و سنوورەکەیدا ئەنجام دەدرێت.
باسنيوز
