هۆشیار سیوەیلی: هەوڵەكان بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن
ڕێكخراوی سۆشیال ئینتەرناشناڵ، لە ڕۆژانی ٢٨-٢٩ی كانوونی دوەم، كۆنفڕانسی ساڵانەی لە كۆماری دۆمینیك ساز كرد و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەش بە نوێنەرایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان تێیدا ئامادە بوو.
لە كۆنفڕانسەكەدا، گوتاری پارتی لەلایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە خوێندرایەوە و سڵاوی سەرۆك بارزانی گەیاندە جۆرج پاپاندریۆ، سەرۆكی ڕێكخراوەكە و لویس ئەیالای سكرتێری گشتیی سۆشیال ئینتەرناشناڵ و نوێنەرانی پارتە سیاسی و حكوومییەكان، هەروەها سوپاسی ڕێكخراوی سۆشیال ئینتەرناشناڵی كرد بۆ پشتگیریی بەردەوامیان بۆ گەلی كوردستان و هیواشی خواست ئەو پشتگیرییە لە داهاتوودا بەهێزتر بێت.
لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا، سیوەیلی ئاماژەی بە ڕۆڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە چەسپاندنی سەقامگیری و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و فرەئایینی و نەتەوەیی لە كوردستان دا و، بەرەنگاربوونەوەی ڕادیكاڵیزم و تیرۆریزمیش خرایە بەرباسەوە.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، هەروەها پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و هەوڵەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە گفتگۆی ئاشتیانە و لەسەر بنەمای دەستوور و پرەنسیپەكانی هاوبەشی و سازان و بەشداریی راستەقینە لە دەزگا گرینگە فیدراڵییەكان بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو.
تەوەرێكی دیكە گوتارەكە، بریتی بوو لە ئاماژەدان بە دۆخی داهاتووی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ دوای تێپەڕبوونی ٥ ساڵی پڕكێشە و قەیران، شەڕی دژی داعش و بڕینی بەشەبوجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی پێشووی فیدراڵ و كێشەكانی دیكە لەگەڵ بەغدا و هاتنی زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەر و ئاوارەی سووریا و ناوچەكانی دیكەی عێراق، پەیوەندییەكان بەرەو ئاساییبوونەوە دەچن.
سیوەیلی، ڕوڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی بەرز نرخاند لە چەسپاندنی ئارامی و پاراستنی سەروەت و سامانی هاونیشتمانیان و، ئاماژەی بە دەسپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆ چارەكردنی كێشەكان دا، هەروەها بە گرینگییەوە باسی لە كەمبوونەوەی گرژی و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد دا و باسی لەوەش كرد كە، ئەگەر هەرێم و بەغدا بگەنە ڕێككەوتن، ئەوا هاوكارێكی باش دەبێت بۆ بووژانەوە و پەرەپێدانی ئابووریی كوردستان.
kdp -
