د. خەلیل: بەرەوپێشچوونی باش لە پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدادا هەیە

	 د. خەلیل: بەرەوپێشچوونی باش لە پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدادا هەیە
پسپۆڕێكی سیاسی دەڵێ، لە كابینەی نوێی عادل عەبدولمەهدیدا، بەرەوپێشچوونێكی باش لە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدادا هەیە، ئێستاش لە بابەتی بودجە و پێشمەرگە و پێكهێنانی حكوومەت و ناوچە كوردستانییەكان و نەوتدا، هەردوولا گەیشتوونەتە ئاستێكی باش.

پڕۆفیسۆر د. خەلیل ئیسماعیل، پسپۆڕی جوگرافیای سیاسی، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە تا ئەمڕۆ، كورد بەرگریكار بووە لە مافەكانی خۆی، بە تایبەت دوای هاتنی سیستمی كۆماری، حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق سیاسەتێكی زۆر هەڵەیان بەرانبەر بە ماف و داواكانی كورد جێبەجێ دەكرد، پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش كورد وای پێشبینی دەكرد كە دیدی سیاسییەكانی عێراقی نوێ بەرانبەر بە كورد دەگۆڕێت، بەڵام دووبارە بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ پرسی كورد و مافەكانی كرد."

ئەو پسپۆڕەی جوگرافیای سیاسی ڕوونیشی كردەوە: "پێویستە تەواوی سیاسییەكانی عێراق واز لە دژایەتیكردنی كورد بێنن، چونكە سیاسەتی هەڵەی حكوومەتەكانی پێشوو، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە ئەوانەی دژایەتیی كوردیان دەكرد، لە گۆڕەپانی سیاسی دوور كەوتنەوە."

د. خەلیل ئاماژەیشی دا: "لە كابینەی نوێی عادل عەبدولمەهدیدا بەرەوپێشچوونێكی باش لە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا هەیە، بە تایبەت دوای سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا. ئێستا لە بابەتی بودجە و پێشمەرگە و پێكهێنانی حكوومەت و ناوچە كوردستانییەكان و نەوتدا، هەردوولا گەیشتوونەتە ئاستێكی باش و پێویستە ئەم هەلە بقۆزنەوە و پەرە بە خاڵە هاوبەشەكان بدەن."
kdp -
Top