چارەنووسی ئەو مێردمنداڵە کوردەی گوایە لە خانەقین ڕفێندراوە ئاشکرا بوو

چارەنووسی ئەو مێردمنداڵە کوردەی گوایە لە خانەقین ڕفێندراوە ئاشکرا بوو
مێردمنداڵێکی کورد لە شاری خانەقین ماوەی دوو ڕۆژە دیار نییە و دەنگۆی ئەوەش بڵاو کرایەوە، کە ڕفێندراوە، بەڵام بەگوتەی سەرچاوەیەک، دەرکەوت لەترسی ئەوەی کەسوکارەکەی توندوتیژی بەرامبەر بەکار دەھێنن، خۆی شاردووەتەوە.

سەروەر عەلی، چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی لە خانەقین، ڕايگەیاند: "دوو ڕۆژە مێردمنداڵێکی ١٤ ساڵان لە ماڵ دەرچووە و دیار نەماوە، بۆیە دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە ئەمنییەکان، توانرا مێردمنداڵەکە بدۆزرێتەوە".

مێردمنداڵەکە ناوی عەبدوڵڵا موحەممەدە و دانیشتووی گەڕەکی تۆڵەفرۆشی شاری خانەقینن و لە نەتەوەی کوردە، پێشتر وا بڵاوکرایەوە، کە ڕفێندراوە. چالاکوانەکە گوتیشی: "دەرکەوت مێردمنداڵەکە لەترسی ماڵەوەی خۆیان، خۆی شاردووەتەوە، چونکە ترساوە توندوتیژی بەرامبەر بکەن".

وەک ڕوونی کردەوە، ھێزەکانی ئاسایش و نووسینگەی نەھێشتنی تاوانەکان و پۆلیسی خانەقین، توانییان مێردمنداڵەکە لەماڵی ئاوارەیەکدا بدۆزنەوە: "لای ماڵەکە گوتبووی ماڵمان چۆڵە و کەسمان لەماڵ نییە، بۆیە ئەتترسم بەتەنھا بمێنمەوە و ھاتووم بۆ لای ئێوە".












باسنيوز
Top