خەڵکی سۆران داوایانە حکوومەت بەپەلە پێک بهێندرێت

 خەڵکی سۆران داوایانە حکوومەت بەپەلە پێک بهێندرێت
ئەمڕۆ چوار مانگ دەبێت پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە و تا ئێستا لایەنەكان نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، هاووڵاتیانی سنووری شارۆچكەكانی سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و ڕواندز داوا لە لایەنە سیاسییەكان دەكەن، پەلە بكرێت لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم، تا داواكاری و پێویستییەكانیان جێبەجێ بكرێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان وەك براوەی یەكەمی پرۆسەی هەڵبژاردن چەندین خولی دانوستانی لەگەڵ هەریەك لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە هەولێر و سلێمانی ئەنجام داوە، هاوكات بڕیار بوو دوێنێ جارێكی دیكە هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی كۆبوونەوەیەكی دیكە ئەنجام بدەن، بەڵام لەسەر داوای یەكێتی كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

د. ڕەزا عەلی، مامۆستای زانكۆ لە سۆران، دیارى كرد: "دەبێ لایەنەكان پەلە بكەن لە پێكهێنانی حكوومەت، بۆ ئەوەش دەبێ هەرچی زووە بگەنە ڕێككەوتن و لە هەندێك مافی خۆیان خۆش بن، یان زیاتر لە مافی خۆیان داوا نەكەن، بۆ ئەوەی بگەنە ڕێككەوتن و حكوومەت پێك بێت، چونكە خەڵك خەریكە دڵی لە لایەنەكان دەشكێت و بێهیوا دەبن لەوەی كە لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتن و حكوومەت پێك بێت، چونكە بە پێكهێنانی حكوومەت زۆربەی كێشەكان چارەسەر دەبن."

خورشید تارق، هاووڵاتییەكی ڕواندزە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئاشكرا كرد: "ڕەوشی خەڵك خراپە، كێشەكان زیاتر دەبن، ناوچەكە لە بەردەم گۆڕانكاریدایە، بۆیە چەند لایەنەكان زووتر ڕێك بكەون هەم لە بەرژەوەندیی ئەواندایە، هەم خەڵكەكە، بۆیە ئەگەر لایەنەكان هەست بە بەرپرسیارەتی دەكەن و بۆ خەڵك تێدەكۆشن و مافی خەڵك دەدەن، دەبێ ڕێك بكەون، ئەگەرنا بە زیانی هەموومان ڕەوشەكە تەواو دەبێت."

مسكین زیاد، هاووڵاتییەكی شارۆچكەی چۆمانە و فەرمانبەری حكوومییە گوتی: "خەڵك هەست بە بێزاری دەكات، ڕۆژ بە ڕۆژ ژیانیان ناخۆشتر دەبێت، بۆ ئەوە دەنگیان داوە بۆ ئەوەی ژیانیان خۆشتر بێت، پاشەكەوتی مووچە نەمێنێت، بەڵام خەریكە لایەنەكان ڕێك ناكەون و هەندێك لایەن لەبەر ئەوەی كە داوای شتی زیاتر دەكەن كە مافی ئەوان نییە و دەبێ بە پێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن داوای پۆست و پلە بكەن، بۆیە وەكو خەڵكی كوردستان داوایان لێ دەكەین زوو ڕێك بكەون و حكوومەت زوو پێك بهێنن، بۆ ئەوەی كوردستانێكی بەهێزترمان هەبێت و كێشەكان نەمێنن."

نزمی كەمال، قوتابیی زانكۆ كە خەڵكی شارۆچكەی مێرگەسۆرە، ئاشكراى كرد: "دەبێ بەرژەوەندیی حزبی بخرێتە لاوە و پێكهێنانی حكوومەت لەوە زیاتر دوا نەكەوێت، چونكە زەرەرمەندی یەكەم خەڵكە، دواتر لایەنەكانن، بۆیە گرنگە لە زووترین كاتدا حكوومەت پێك بێت و لەسەر بەرنامەیەك ڕێك بكەون، چونكە ڕەوشەكە پێویست بەوە دەكات كە حكوومەت لە ماوەیەكی نزیكدا پێك بێت، گفتوگۆی جددی لەگەڵ بەغدا بكات لەسەر كەركووك و ناوچەكانی دیكە و كۆمەڵێك كێشە هەن دەبێت ئەو كێشانە چارە بكرێن تا حكوومەت پێك نەهێت، ئەو كێشانە چارەسەر نابن، بۆیە زۆر زەروورە لایەنەكان لە هەندێك لە مافەكانی خۆیان بێنە خوارەوە و حكوومەت پێك بێت بۆ ئەوەی كێشەكان چارە بكرێن".

مونیر سەلام، كە خەڵكی سۆرانە، ئاشكرای كرد: "خەڵك چاوەڕوانیی لە لایەنەكان هەبوو كە بە زووترین كات حكوومەت پێك بهێنن و كێشەكان چارەسەر بكەن، بەڵام بەداخەوە ئەوە زیاتر لە 120 ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنەكاندا تێدەپەڕێت تا ئێستا هیچ شتێكی دڵخۆشكەر نییە، ئەوەش ئێمەی هاووڵاتیانی نیگەران كردووە، چونكە دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەت دەبێتە هۆی دواكەوتنی پرۆژەكان و هەموو ئەو شتانەی كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندایە، بەوەش زیان بەر خەڵك دەكەوێت".














KDP
Top