بەهۆی قەیرانی داراییەوە حەماس پەنا بۆ دراوی ئەلیکتڕۆنی دەبات

 بەهۆی قەیرانی داراییەوە حەماس پەنا بۆ دراوی ئەلیکتڕۆنی دەبات
بەهۆی قەیرانی داراییەوە، بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامیی فەلەستینی (حەماس) پەنا بۆ دراوی ئەلیکتڕۆنی دەبات.

ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتیبەکانی قەسام، باڵی سەربازیی حەماس لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، داوای لە لایەنگرانی لە جیهاندا کردووە، لەڕێی دراوی ئەلیکتڕۆنیی (بیتکوین)ـەوە، هاوکاریی حەماس بکەن.

ئەبو عوبەیدە هەروەها رایگەیاندووە، لە ماوەیەکی نزیکدا چۆنێتیی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ حەماس لەڕێی بیتکوینەوە، ئاشکرا دەکەن.

حەماس بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی فەلەستینییە و لەلایەن ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپاوە خراوەتە ناو لیستی تیرۆر.

سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی حەماس، هەروەک بەرپرسانی رایانگەیاندووە، هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و قەتەرە.

بیتکوین دراوێکی ئەلیکتڕۆنییە و بەهاکەی بەپێی رۆژ، لە بۆرسەی جیهانیدا دەگۆڕێ و ئەمڕۆ چوارشەممە 30-1-2019، بەهای هەر بیتکوینێک، سێ هەزار و 413 دۆلارە.

زۆرینەی زانایانی ئیسلامی مامەڵەکردن بە بیتکوین و کڕین و فرۆشتنی، بە حەرام دادەنێن.













باسنيوز
Top