وەزیری دارایی باسی پاراستنی سنوور لە بازرگانیی نایاسایی و ماددەی هۆشبەر دەکات
نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ی ١ی ٢٠١٩، رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی فراوانی پاسەوانی سنوور ( ناوچەی یەك) و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان و بەڕێوبەرایەتیی گومرگی هەولێر، سلێمانی و دهۆك لەگەڵ دادوەرانی دادگای گومرگی هەرێمی کوردستانی كرد.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزیری دارایی کە لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)دا بڵاو کراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا رێباز حەملان باسی لە گرنگیی پاراستنی سنوور لەهەموو جۆرە بازرگانییەكی نایاسایی و ماددەی هۆشبەر و چەك و بەرەنگاربوونەوەیان بەمەبەستی پاراستنی بازاڕ و هاووڵاتییان کردووە. جەختیشی لە باشتر بەڕێوەچوونی كاروباری گومرگی و سنوور و كارئاسانیی زیاتر بۆ بازرگانان لە پێناو زیادكردنی داهات کردۆتەوە.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە هەنگاوەكانی رێكخستن و یەكخستنی رێنمایی گومرگی لە نێوان هەولێر و بەغدا و كاری لیژنە هاوبەشەكانی نێوان هەردوولا گفتوگۆی لەسەر كراوە.
باسنيوز
