دۆناڵد ترەمپ: کوردم خۆش دەوێ
بەپێی ھەواڵێکی (CNN)، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە هۆتێل (ترەمپ ئینتەرناشناڵ)، بە هۆڵێکدا تێپەڕیوە و لەوێ ئیلھام ئەحمەد، ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتی (مەسەدە)ی باڵی سیاسیی ھیزەکانی سووریای دیموکراتی (ھەسەدە)ی بینیوە و تەنیا 10 خولەک پێکەوە گفتوگۆیان کردووە. لەو گفتوگۆیەشدا ترەمپ گوتوویەتی: ”کوردم خۆش دەوێ“.
دۆناڵد ترەمپ ھەروەھا رایگەیاندووە، کە کورد لە رۆژئاوای کوردستان بۆ داگیرکاریی تورکیا بەجێ ناھێڵێت.
ئەو لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێک دایە، کە ئیدارەی ئەمریکا بڕیاری کشاندنەوەی ھێزەکانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، داوە و ئەردۆغانیش بەردەوام ھەڕەشەی ھێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان دەکات.
شەوی 19-12-2018 کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) رایگەیاند، کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری گەڕاندنەوەی ھێزەکانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، داوە.
ئەو ھێزە ئەمریکییانە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و بۆ مەشقکردن بە ھێزەکانی سووریای دیموکراتی (ھەسەدە)، لە رۆژئاوای کوردستان و رۆژھەڵاتی سووریا جێگری ببوون.
ھەسەدە ھێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکھاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوی باڵی سەرەکیی ئەو ھێزەیە.
باسنیوز
