بەرپرسی لقی چواردە: پێویستە ھاوشێوەی کەرکووک پڕۆژەیەک بۆ مووسڵیش ھەبێت
ڕۆژانی ڕابردوو ئەمەریکا پڕۆژەیەکی بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک خستە بەردەم لایەنەکانی شارەکە و بە پێی پڕۆژەکە پێشمەرگە دەگەڕێتەوە کەرکووک و ھەرێمی کوردستان و بەغدا ئیدارەی کەرکووک دەکەن.
عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی چواردەی پارتی لە مووسڵ پڕۆژەیەکی ھاوشێوەی کەرکووکی بۆ ناوچەکانی دیکەی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق بە پێویست دەزانێت و دەڵێت: "پێویستە بۆ مووسڵ و شنگال و شوێنەکانی دیکەی کێشەلەسەر پڕۆژەیەک ھەبێت بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشەکە و دەرچوونی ھێزەکانی دژەتیرۆر و حەشدی شەعبی، پاراستنی ئەو ناوچانەش بدرێتە دەست ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە ھاوبەشی."
بەرپرسی لقی چواردە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەی ئەمەریکا بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک پێشنیازی کردووە لای ئێمە پەسەندە و دەبێ ڕەوشی کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی بە ھۆی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە داگیر کراون ئاسایی بکرێنەوە، پێشتریش ھەڵوێستی پارتی دیار بووە و پڕۆژەکەی ئەمەریکاش ھەر لە چوارچێوەی پڕۆژە و بۆچوونی پارتیدایە، چونکە کوردیش بە پێی دەستووری عێراق مافی ھەیە لە ئیدارەدانی ئەو ناوچانە، ھەتا سەرۆک بارزانی لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا پێداگریی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، بەبێ چارەسەرکردنی ڕێگای دەستووری کێشەکانی عێراق کۆتاییان نایەت."
لەبارەی چالاکیی گرووپی داعش لە سنووری نەینەوا، عەلی خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "داعش جووڵە و چالاکیی ھەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە سنوور و ناو سەنتەری شاری مووسڵ ھەیە، وەک خانەقین و کەرکووک نییە، چونکە ھێزی زۆری ئەمنی لە ناو شاری مووسڵ ھەیە، بەڵام لە ھەندێ ناوچەی سنووری، داعش نەک هەر ھەیە، بەڵکو کۆبوونەوەش ئەنجام دەدات."
KDP-
