بابان: گرنگیی پێگەی سەرۆک بارزانی وای کردووە وەکو سەرۆکی دەوڵەت پێشوازی بکرێت
ئاشنا بابان، مامۆستای زانکۆ و شارەزای پەیوەندیی نێودەوڵەتی پێی وایە، پێگەی سەرۆک بارزانی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەیە، چونکە وەک مەرجەع پێگەیەکی مەعنەویی بۆ کوردستان ھەیە، لەبەر ئەوەی لە ڕابردوودا سەرۆک بارزانی ڕۆڵی ئاشتیخوازانەی لە ناوچەکەدا ھەبووە، تەنانەت لە کاتی ئەو ڕووداوە زۆر ناخۆشانەی عێراق و ھەرێم تێیدا دەرباز بوونە، سەرۆک بارزانی داوای دانوستانی ئاشتیانەی کردووە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان.
ئەو شارەزایەی پەیوەندیی نێودەوڵەتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "داوەتنامەی پادشای ئوردن لە چوارچێوەی ئەو سەنگەی سەرۆک بارزانی دێت، کە جێی دەستی دیارە، چ ئێستا و چ لە ڕابردووش، بۆ ئەوەی سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ عێراق، ھەر ئەوەش وای کردووە وەک سەرۆکی دەوڵەت پێشوازی لە سەرۆک بارزانی بکرێت."
ئاشنا بابان ڕوونی کردەوە: "ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەکی گەرمی ڕووداوەکانە و ستراتیژیی ناوچەکە وای کردووە بەردەوام ڕووداوە گەرمەکان لێرەوە دەست پێ بکەن، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ھەرێمی کوردستان ھاوسەنگیی ھێزی لە عێراق ڕاگرتووە، ئەویش بە ھۆی ئەوەی زۆرترین سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە ھەرێم بەدی دەکرێت."
KDP-
