فراكسیۆنى پارتى له‌ به‌غدا راگه‌یه‌ندراوێكى له‌ باره‌ى بۆردومانى ناوچه‌ سنوورییه‌كان بڵاوكرده‌وه‌

فراكسیۆنى پارتى له‌ به‌غدا راگه‌یه‌ندراوێكى له‌ باره‌ى بۆردومانى ناوچه‌ سنوورییه‌كان بڵاوكرده‌وه‌
فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، كه‌ سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق خوێندییه‌وه‌، رایگه‌یاند، په‌كه‌كه‌ بووه‌ته‌ هۆى وێرانبوونى سه‌دان گوندى ناوچه‌ سنوورییه‌كان و پێویسته‌ خاكى هه‌رێمى كوردستان به‌جێبهێڵێت.
 
له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "چه‌ند ساڵى رابردوو، كێشه‌ى زۆر له‌ ئه‌نجامى تۆپبارانى سوپاى توركیا له‌سه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان په‌یدا بوون".
 
هه‌روه‌ها هاتووه‌: "هه‌ر له‌ ده‌ستپێكى ئه‌و رووداوانه‌وه‌ ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مانتار له‌ جێى رووداوه‌كان ئاماده‌ بووین بۆ هێوركردن و پاراستنى گیانى هاووڵاتیانى ده‌ڤه‌ره‌كه‌".
 
له‌ به‌شێكى دیكه‌ى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "ئاشكرایه‌، ئه‌و تۆپبارانكردنه‌ به‌ پاساوى بوونى په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، ئێمه‌ داوا له‌ په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ین، خۆیان له‌ سنوورى هه‌رێمى كوردستان دوور بخه‌ن و خه‌ڵكى ئێمه‌ له‌و نه‌هامه‌تى و قوربانیانه‌ رزگار بكه‌ن".
 
سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌رى مانه‌وه‌ى په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "بوونى ئه‌وان له‌ هه‌رێمى كوردستان كاریگه‌رى نه‌رێنى سیاسى و ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى له‌سه‌ر خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ و سه‌دان گوند به‌ هۆى بوونى ئه‌وانه‌وه‌ به‌ وێرانى و كاولى ماونه‌ته‌وه‌".
 
فراكسیۆنى پارتى له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق راشیگه‌یاند، "ئێمه‌ ناخوازین خاكى هه‌رێمى كوردستان و عێراق ببێته‌ مه‌ترسى تێكدانى ئارامى وڵاتانى هاوسۆزى ئێمه‌".
 
فراكسیۆنه‌كه‌ له‌ په‌یامیدا بۆ بنه‌ماڵه‌ى شه‌هید و برینداره‌كان رایگه‌یاند، "ئێمه‌ سه‌ره‌خۆشى له‌ ته‌واوى خێزانى ئه‌و شه‌هیدانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ بوونه‌ قوربانى ئه‌و رووداوانه‌ و هیواى سه‌لامه‌تى و چاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداره‌كان ده‌خوازین".
 
له‌ كۆتایى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، فراكسیۆنى پارتى له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق داواكارییه‌كى خستووه‌ته‌ڕوو و تێیدا هاتووه‌: "داوا ده‌كه‌ین: هه‌ردوو حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌و بابه‌ته‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن و سوپاسى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش ده‌كه‌ین، كه‌ هه‌ر زوو دواى رووداوه‌كان ره‌وشى ئارامى و هێزه‌كانى ئه‌منى بۆ پاراستنى هاووڵاتیان له‌و ده‌ڤه‌ره‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌".
kdp-
Top