مەخمووری: مەلیك عەبدوڵڵا باش لەوە گەیشتووە كە بڕیاری گەلی كوردستان لای سەرۆك بارزانییە

 مەخمووری: مەلیك عەبدوڵڵا باش لەوە گەیشتووە كە بڕیاری گەلی كوردستان لای سەرۆك بارزانییە
سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ ئوردن و پێشوازیلێكردنەكەی، رەنگدانەوەیەكی زۆری لە ناوچەكەدا ھەبوو، سكرتێری یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانیش باوەڕی وایە، وەك سەرۆكی وڵاتان پێشوازی لە سەرۆك بارزانی كرا.

لەسەر بانگھێشتی فەرمیی شای ئوردن، ٢٧ی ئەم مانگە لەلایەن شاعەبدوڵڵای پادشای ئوردن لە كۆشكی حوسەینییە لە عەممانی پایتەختی ئوردن پێشوازی لە سەرۆك مەسعوود بارزانی و شاندی یاوەری كرا و، لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و دواگۆڕانكارییەكانی ناوچەكە تاوتوو كران.

سەبارەت بە سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ ئوردن، غەفوور مەخمووری، سكرتێری یەكێتیی نەتەوەی ڕایگەیاند: "داوەتكردنی سەرۆك بارزانی و ئه‌و پێشوازیلێكردنەی لە عەممان، رۆڵ و قورسایی سەرۆك بارزانی لە ناو ھاوكێشە سیاسییەكان دەردەخات، جەنابی مەلیك عەبدوڵڵاش باش لەوە گەیشتووە كە بڕیاری گەلی كوردستان لای سەرۆك بارزانییە. ھەروەك پێشی وایە، "وەك ھەر سەرۆكی وڵاتان پێشوازی لە سەرۆك بارزانی كرا"، سڵاوی سەربازیی لێ كرا، فەرشی سووری بۆ راخرا، ئێوارەخوانێكی بۆ ئامادە كرا، كە ئەو ئێوارەخوانە گوزارشت لە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان ھەردوولا دەكات.

غەفوور مەخمووری، تایبەت ڕايگەیاند، رۆڵی سەرۆك بارزانی نەك تەنیا لەسەر ئاستی عێراق، بەڵكوو لەسەر ئاستی ناوچەكەدا زۆر گرینگە، ئەم سەردانەیش رەنگدانەوەیەكی زۆر باشی ھەبوو، ئاژانسی ھەواڵی عەممان كە ئاژانسێكی فەرمیی ئەو وڵاتەیە، راپۆرتێكی تێروتەسەلی لەسەر سەردانی سەرۆك بارزانی نووسیبوو، "ھەروەك لە ناوھێنانیدا بە رەئیس بارزانی ناویان دەھێنا" .













باسنيوز
Top