ھێمن حەسۆ میرخان: لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنیستیتۆی کوردی ئەمەریکی داده‌مه‌زرێنین

 ھێمن حەسۆ میرخان: لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنیستیتۆی کوردی ئەمەریکی داده‌مه‌زرێنین
بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنیستیتۆی کوردی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دابمەزرێت و یەکێک لە دامەزرێنەرانیش دەڵێ، دامەزراندنی دەزگایەکی وەھا گرنگ کاریگەریی لەسەر پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا دەبێت.

دکتۆر ھێمن حەسۆ میرخان، سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی کوردستان_ھەولێر ئاشکرای کرد، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنیستیتۆی کوردی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دابمەزرێت، کە ئەمە بۆ یەکەم جارە دامەزراوەیەکی وەھا گرنگی کوردی لە وڵاتی ئەمەریکا بکرێتەوە و ڕۆڵی دەبێت لەسەر پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی کوردستان_ھەولێر ڕايگەیاند: "ئەنیستیتۆی کوردی بە ھاوبەشی لە نێوان زانکۆی کوردستان_ھەولێر و زانکۆی میزووری لە ئەمەریکا دەکرێتەوە و پڕۆژەیەکی ھاوبەشە، جگە لەوەی لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسیەوە سوودێکی زۆری دەبێت لەو ڕێگەیەوە پاڵپشتی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەست دێنین."

میرخان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "فێرکردنی زمانی کوردی دەبێـت بۆ دیپلۆماتکارانی ئەمەریکا و ئەوانەیشی لە جیھانی ئەمنی و سەربازیی ئەمەریکادا کار دەکەن، چونکە بۆ ھەموو زمانەکانی دیکە دەزگا و دامەزراوە هەیە، تەنیا زمانی کورد نەبێت، لەبەر ئەوە کردنەوەی ئەنیستیتۆی کوردی ھەنگاوێکی گرینگ دەبێت، بەتایبەتی ئەو ئەمەریکیانەی دەیانەوێ لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کار بکەن، چ وەک دیپلۆماتکار، چ وەک لایەنی سەربازی، فێری زمانی کوردی دەکرێن."












باسنيوز
Top