لە سلێمانی کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی ھاووڵاتییەک دەستگیر کرا

 لە سلێمانی کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی ھاووڵاتییەک دەستگیر کرا
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی ھاووڵاتییەک، لە سنووری سلێمانی دەستگیر کراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 29/1/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "ڕۆژی 19/6/2018، ھاووڵاتی (ە، س، ح) لەدایکبووی 1993، لە شارەدێی (گەرمک)ی سەر بە شارۆچکەی پێنجوێن بە فیشەک کوژرا".

ئاماژە بەوەش دراوە: "دوای گەیشتنی ھێزەکانی پۆلیس و تیمەکانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان، کەشف و ھێڵکاری بۆ شوێنی ڕووداوەکە کرا و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێ کرد و سەرجەم بەڵگە و سکاڵاکان کۆ کرانەوە، سەرئەنجام ڕۆژی 28/1/2019 دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار (ی، ڕ، خ) لەدایکبووی 1995 دەرکرد".

پۆلیسی سلێمانی ڕوونیشی کردەوە: "دوای بەدواچوونی ھێزەکانی پۆلیس توانرا ئەمڕۆ سێشەممە 29/1/2019، ھێزەکانی بنکەی پۆلیسی (گەرمک) ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیر کرد."

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئێستا بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، تۆمەتبارەکە ڕاگیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەلایەن بنکەی پۆلیسی (گەرمک) بۆ تۆمەتبار کراوەتەوە".











باسنيوز
Top