سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی داوا دەکات پەکەکە و تورکیا لە سنووری دهۆک دوور بکەونەوە
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، لە پرێس کۆنفرانسێکدا کە بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ی ١ی ٢٠١٩ لە پارێزگای دهۆک ئەنجامی دا، ڕای گەیاند، تۆپباران و بۆردومانکردنی ناوچەکانیان لەلایەن تورکیاوە بەهۆی بوونی پەکەکە و جموجۆڵی چەکدارەکانیەتی. بۆیە داوای لە هەردوو لایەن کرد، ”خۆیان لەو دەڤەرە دوور بخەنەوە“.
ڕوونیشی کردەوە کە بۆردومانەکان کاریگەریی ئابووری و کۆمەڵایەتییان لەسەر ناوچەکانی پارێزگای دهۆک هەیە و جەختی کردەوە کە پارتی نایەوێت خاکی هەرێمی کوردستان بۆ تێکدانی ڕەوشی وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێندرێت.
هەر لەو پرێس کۆنفرانسەدا، ڤیان سەبری سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدان کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست. هاوکات داوای کرد، هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، ”ئەو بابەتە چارەسەر بکەن“. سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد کە زوو ڕەوشی ڕووداوەکانی شیلادزێی کۆنتڕۆڵ کرد.
باسنیوز
