کۆی بودجەی ھەرێمی کوردستان، لە بەشە بودجەی ٢٠١٩ی عێراقدا مانگانە ٥٢٢ ملیار دینارە

کۆی بودجەی ھەرێمی کوردستان، لە بەشە بودجەی ٢٠١٩ی عێراقدا مانگانە ٥٢٢ ملیار دینارە
د. ئەحمەد سەفار، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە (باس)ی راگەیاند، لە بودجەی ٢٠١٩ی عێراقدا چەند خاڵێکی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانی تێدایە، گوتی: «ناردنی مووچەی فەرمانبەران و ھێزەکانی پێشمەرگە، تەنانەت ئەگەر کێشەش بکەوێتە نێوان ھەولێر و بەغدا، ئەمەش بەپێی بڕگەی (ج) لە ماددەی ١٠ مانگانە ٤٥٤ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و ٦٨ ملیاریش بۆ پێشمەرگە تەرخان کراوە“.

ھەروەھا گوتیشی: «خەرجکردنی شایستەی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵانی نێوان ٢٠١٤ تا ٢٠١٦، کە زیاترە لە ٥٥٠ ملیار دینار، بەپێی ماددەی ٣٠ی یاساکە، ھەروەھا قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەھیدان و برینداران و بێسەروشوێنانی شەڕی داعش».



سەفار دووپاتی کردەوە، وەکوو دیاری ٥ ملیار دینار بۆ چەند پڕۆژەیەک لە بودجەی عێراقدا بۆ شارەکانی کوردستان تەرخان کراوە، کە ئەوەش پەیوەندی نییە بە بەشە بودجەی کوردستان و پارەکە بە موناقەلە لە وەزارەتەکانی تری عێراق وەرگیراوە.



ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش دا، بەھۆی ئەوەی دامەزراندنی فەرمانبەران لە عێراق ھەمووی گرێبەستی کۆنە، لە بودجەدا باسی دامەزراندنی فەرمانبەری نوێ نەکراوە.



گوتیشی: «لەبەرئەوەی ئەو گرێبەستانە پێشتر پارەیان بۆ خەرج کراوە، بۆ ئەمساڵ دەکرێنە فەرمانبەری فەرمی، بۆیە ئەگەر ھەرێمی کوردستانیش ئەو جۆرە گرێبەستانەی ھەبێت، دەتوانێت بیانکاتە فەرمانبەری فەرمی».



فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق راگەیاند: ”دوای پەسەندکردنی بودجەی ٢٠١٩، ماوەی مانگێک پێویستە تاوەکوو بودجە دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە، لە مانگی ٣ دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بەگوێرەی ئەو بڕە پارەیەی لە بودجەکەدا جێگیر کراوە رەوانەی ھەرێم دەکرێت».



پێشووتر مانگانە بڕی ٣١٧ ملیار دینار بۆ مووچە رەوانە دەکرا، بەڵام لە بودجەی ٢٠١٩ی عیراق، بڕی ٥٢٢ ملیار بۆ مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە دینار جێگیر کراوە.



مەسعود حەیدەر، کە بە نوێنەرایەتیی سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکانی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەشداریی کردبوو، بە (باس)ی ڕاگەیاند: «کە ئەو شایستانەی کورد، کە لە بودجەی ٢٠١٩ی عێراقدا جێگیر کراون، بەشێکن لە دەرئەنجامەکانی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا».



باسنيوز
Top