پارتی و یەکێتی و گۆڕان پۆستە باڵاکان یەکلا دەکەنەوە
لە کۆبوونەوەکانی رابردوودا، یەکێتی و گۆڕان پاکێجی داواکانیان داوەتە پارتی و داوای ھەردوو لایەن بۆ بەشدارییان لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەپێی سیستەمی خاڵبەندی و حەقەبەشی ھەڵبژاردن زیاترە لە ژمارەی کورسییەکانیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ھەر سێ لایەن مەبدەئییەن بۆ رێککەوتن و پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان، لە یەکەوە نزیکن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەی ئاگەدارە لە گفتوگۆکانەوە دراون، پارتی و یەکێتی لەسەر واژووکردنی رێککەوتنی سیاسیی نێوانیان ھاوڕان و لیژنەشیان بۆ دروست کردووە، بەڵام جیاوازییەکەیان لە ڕووی ناوەڕۆک و بنەما و پڕەنسیپەکانی ئەو ڕێککەوتنەیە و وا بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەمەی نێوانیان تاوتووی واژۆکردنی ئەو رێککەوتنە بکەن.
بەپێی زانیارییەکان، جیاوازییەکانی پارتی و یەکێتی لە پرسی پێکھێنانی حکوومەت لەسەر ئەوەیە، یەکێتی داواکانی لە حەقەبەشی ھەڵبژاردن زۆر زیاترە و تاوەکوو ئێستاش لەگەڵ ئەوەدایە پرسی کەرکووک، بە دانانی پارێزگارێکی یەکێتی پێش پێکھێنانی حکوومەتی نوێ یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام پارتی لەگەڵ ئەوەدایە ھیچ پرسێکی دیکە بە پرسی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەبەسترێتەوە، ھەر دۆسێیە و بە جیا ئەو لیژنانەی بۆی پێک ھاتوون یەکلا بکرێنەوە، ئەو بابەتەش وا بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەکێتی گفتوگۆی یەکلاکەرەوەی لەبارەوە بکرێت.
سەبارەت بە گۆڕانیش، دوای پێشکەشکردنی پڕۆژەکەی گۆڕان بۆ پارتی بە ناوی (کارنامەی حکوومەت و پێوەری دابەشکردنی پۆستەکان)، پارتی پێی وایە، ئاستی داواکارییەکانی گۆڕانیش لەنێو کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا بەرزترە لە حاقی خۆی، چونکە گۆڕان داوای چەندین پۆستی وەکوو بەڕێوبەری گشتی و بریکار و راوێژکار لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی ھەرێم و حکوومەت و پەرلەمان کردووە، ئەوە جگە لەوەی کە لە پۆستە باڵاکانیشدا، داوای جێگری سەرۆکی حکوومەت، وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی شارەوانی، وەزارەتی پەروەردە، دوو سەرۆک دەستە و دوو نوێنەرایەتیی لەدەرەوە کردووە.
ھەندێ لە داواکارییەکانی
یەکێتی و گۆڕان وەکوو یەکن
ھەر بەپێی زانیارییەکان، بەھۆی ئەوەی ھەندێ لە داواکارییەکانی یەکێتی و گۆڕان وەکوو یەکن، بەتایبەتی پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت، کە یەکێتی و گۆڕان داوای دەکەن، لەگەڵ ھەندێ پرس، کە دەبێت ھەر سێ لایەنە سەرەکییەکە، کە لە رووی مەبدەئیەوە بڕیاری پێکھێنانی حکوومەتی نوێیان داوە، پارتی و یەکێتی و گۆڕان، بەیەکەوە یەکلایی بکەنەوە، بۆ ئەوەش وا بە باش زانراوە، دوای کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی، یەکێتی و گۆڕانیش کۆ ببنەوە و ئەوەی پەیوەندیی بە نێوانی خۆیانەوە ھەیە لەسەری رێک بکەون، دواتریش لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵیدا پۆستە باڵاکانی حکوومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان یەکلا بکرێنەوە.
زانیویشیەتی، ھەر سێ لایەنەکە کۆک بوون، پرسی پێکھێنانی حکوومەت سەقفی زەمەنیی بۆ دیاری بکرێت و نەگات بە مانگی داھاتوو.
ھاوکات، بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەھۆی رێککەوتنی ژێربەژێری باڵی کۆسرەت رەسووڵ و ماڵباتی تاڵەبانی، لەسەر پۆستەکانی حکوومەت و پەرلەمان، کێشە و گرفتی گەورە لەناو یەکێتیدا دروست بووە.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، دابەشکردنی ئەو پۆستانە بەسەر کاندیدەکانی ئەو باڵەدا وای کردووە، بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئۆرگانە حزبییەکان نیگەرانن، کە ئەوان ھیچ ڕۆڵیان لە دیاریکردنی کاندیدکردنی حزبەکەیان بۆ پۆستەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، باڵی کۆسرەت رەسووڵ، لەگەڵ ماڵباتی تاڵەبانی لەسەر دوو خاڵ رێک کەوتوون:
یەکەمیان، ئەگەر قوباد تاڵەبانی، پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وەربگرێت، ئەوە ڕێواس فایەق، کە سەر بە باڵی کۆسرەت ڕەسووڵە، ببێتە سەرۆکی پەرلەمان.
دووەمیان، ئەگەر دەرباز کۆسرەت رەسووڵ ببێتە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەوا بێگەرد تاڵەبانی، کە سەر بە ماڵباتی تاڵەبانییە، بکرێتە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.
بەپێی سەرچاوەکە، ئەم رێککەوتنە دووقۆڵییە لە لایەن مەکتەبی سیاسی و زۆربەی سەرکردایەتیی یەکێتییەوە ڕەخنەی لێ گیراوە و پێیان وایە، کە ئەمە پەراوێزخستنی ئۆرگانە فەرمییەکانی یەکێتییە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ھەردوو باڵەکەی یەکێتی تەنیا لەسەر ئەو دوو خاڵە ڕێک کەوتوون و رێککەوتنی یەکلاکەرەوە لەنێوانیاندا رووی نەداوە.
ھەموو ئەوانەش لە کاتێکدایە، کە پێکھاتەکانی تورکمان و مەسیحییەکانیش چاویان لەوەیە، لە کابینەی داھاتووی حکوومەتدا پۆستیان پێ بدرێت، پێشتر تورکمانەکان باسیان لەوە کردووە، کە داوا دەکەن پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، یان لانی کەم جێگرێکی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیان ھەبێت.
لەمبارەیەوە، بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (باس)ی ڕاگەیاند: ”لە کۆبوونەوەی شاندی دانوستانی پارتی لەگەڵ یەکێتی، یەکێتی لەبارەی پۆستە باڵاکانەوە داوای پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی حکوومەتی کردووە”.
گوتیشی: “بزووتنەوەی گۆڕان (مەبدەئییەن) یەکلا بووەتەوە کە بەشداری لە حکوومەتدا بکات، بەڵام بۆ شێواز و چۆنیەتیی بەشداریکردنەکە، تا ئێستا لەگەڵ پارتی رێک نەکەوتووە و لە کۆبوونەوەکانی داھاتوودا ئەو پرسانە بە داواکانی یەکێتی و گۆڕانەوە تاوتوو دەکرێن”.
ئاشکراشی کرد، کە پارتی لە کۆبوونەوەکاندا بە یەکێتیی ڕاگەیاندووە: “بەپێی سەنگی خۆتان پۆست وەردەگرن و مێژوو و واقعی یەکێتییش لەبەرچاو دەگیرێ”.
جەختی لەوەش کردەوە، لەم ھەفتەیەدا کۆبوونەوەکانی پێکھێنانی حکوومەت دەست پێ دەکەنەوە.
ھاوکات، دوێنێ، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە میدیا فەرمییەکانی حزبەکەی ڕاگەیاند، کە ئەمڕۆ سێشەممە ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە و پەیوەندییەکانی ھەردوولا و پڕۆژەی ھەردوو حزب لەبارەی پێک ھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت تاوتوێ دەکرێن.
وتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاشکراشی کردووە: «دوای کۆبوونەوەکە، بڕیارە یەکێتی و پارتی بە جیا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانیش کۆ ببنەوە، بڕیارە دواتریش کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەنێوان یەکێتی و پارتی و گۆڕاندا بکرێت، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە پێکھێنانی حکوومەت و پشکی لایەنەکان».
لای خۆشیانەوە، ھێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و بەرپرسی مەکۆی گۆڕان لە ھەولێر، بە (باس)ی ڕاگەیاند: ”ئەگەر بەشداریی لە حکوومەتدا بکەین، ئەوە پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت بە ئیستحقاقی خۆمان دەزانین و داواشمان کردووە، تەنانەت ئەگەر سەرۆکی حکوومەت یەک جێگریشی ھەبێ، ھەر داوای ئەو پۆستە دەکەین“.
جێی باسە، رۆژی ٣٠ـی ئەیلوولی ٢٠١٨، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو، دواتر ئەنجومەنی باڵای دادوەریی ھەرێمی کوردستان ئەنجامەکانی پەسەند کرد، کە پارتی دیموکراتی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەست ھێناوە و بووە بە خاوەنی ٤٥ کورسی و یەکێتی ٢١ کورسی و گۆڕانیش ١٢ کورسی، کۆمەڵی ئیسلامی ٧ کورسی و ژمارەی کورسییەکانی یەکگرتووی ئیسلامی لە ١٠ کورسییەوە بۆ ٥ کورسی دابەزیوە.
باسنیوز
