پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە قاهیرە میوانداری نووسەرێكی كورد دەکات

پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە قاهیرە میوانداری نووسەرێكی كورد دەکات
ساڵانە لەم کاتەدا پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە قاهیرە دەکرێتەوە، ئەمساڵ پێی نایە خولی پەنجاهەمینییەوە، لەیادی یۆبێلی زێڕینی ئەم یادەدا کۆمەڵێ نووسەر کە کتێبەکانیان لەو پێشانگایەدا بڵاو دەبنەوە ئامادە دەبن.
خاتوونی نووسەر ( چنار نامق) لەهەرێمی کوردستانەوە بانگێشت کراوە بۆ مەراسیمی بڵاوکردنەوەو ناساندنی هەردوو کتێبەکەی بەناوەکانی ( دور المواقع الالكترونية الكوردية في تشكيل الراي العام حول انتهاك حقوق الايزيدية) و ( الابادة الجماعية واساليب التضليل الاعلامي) لەم مانگەدا لەلایەن (دار غيداء للنشر والتوزيع) لە وڵاتی ئوردن چاپکراون و بۆیەکەم جار لە پێشانگای کتێبی قاهیرە بڵاودەکرێنەوە.
چنار نامیق نووسەر و توێژەرێکی دیاری هەرێمی کوردستانەو لەشاری هەولێر دادەنیشێت و ساڵانێکە سەرقاڵی توێژینەوەیە لەسەر ئەنفال و جینۆسایدی کورد و دواتر توێژینەوەیەکی لەسەر جینۆسایدی ئێزیدییەکان لەسەر دەستی داعش نووسیوە و ئێستا مامۆستای بەشی راگەیاندنە لە زانکۆی سەڵاحەدین و خاوەنی ١٠ کتێبی چاپکراوە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و لەنێو ناوەندی عەرەبیشدا وەک نووسەرێکی ئەکادیمی ناسراوە.
هەندێک لە رۆژنامەو ماڵپەڕە عەرەبییەکان وەک هەواڵ بڵاوبوونەوەی کتێبەکانی و ئامادەبوونی لە پێشانگای قاهیرەدا بڵاوکردوەتەوە، لەوانەش رۆژنامەو ماڵپەڕی ( اسرار المشاهیر) ی میسری نوسیویەتی (پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە قاهیرە میوانداری چنار نامق دەکات).
رۆژی ٢٧-١-٢٠١٩ لەمەراسیمێکدا ئیمزای کتێبەکانی کرد بە ئامادە بوونی نوێنەرانی پارتە کوردییەکان لە قاهیرە لەوانەش بەڕێزان ( د. شێرکۆ حەبیب و مەلا یاسین) و کەسایەتییە رۆشنبیری و ئەکادیمییەکان لەوانەش ( د. رەجائی فائید سەرۆکی ناوەندی میسری بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی و د.مەحمود زاید توێژەرو لێکۆڵەری کوردناسی میسری و جالیەی کوردی لە قاهیرەو دەزگاکانی راگەیاندنی میسری .






کاروان سەبری/ قاهیرە
Top