خەسرۆ گۆران: لە دوای ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك بڕیاری خۆمان دەدەین

خەسرۆ گۆران: لە دوای ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك بڕیاری خۆمان دەدەین
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دەڵێ، ئەگەر رەوشی عێراق ئاسایی نەكرێتەوە، زەحمەتە ئەمساڵ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە بچێت. لەبارەی كەركووكیشەوە گوتی، پارتی بڕیاری كۆتایی داوە و رەوشی كەركووك ھیی ھەڵبژاردن نییە.

خەسرۆ گۆران ڕایگەیاند: "ئەگەر رەوشی عێراق بە گشتی ئاسایی نەكرێتەوە، ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردن زەحمەتە ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، چونكە ھێشتا بڕیاری كۆتایی لەبارەیەوە نەدراوە، تەنیا كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق رەزامەندیی نیشان داوە و حكوومەتی عێراق ئەو رێكەوتەی پەسەند نەكردووە".

بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، لە پانزدە پارێزگادا بەڕێوە دەچێت بە مووسڵ و كەركووكیشەوە، پێم وایە ئەگەر تا ئەوكات رەوشی عێراق ئاسایی بكرێتەوە، ئەوە ئەگەری ئەنجامدانی بەھێزە، بەڵام ئەگەر رەوش سەقامگیر نەبێت، ھەڵبژاردنەكە دەخرێتە ساڵی دابێت".

لەبارەی كەركووكەوە، گۆران ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "كەركووك رەوشێكی تایبەتی ھەیە، ئێمە وەك پارتی بەو رەوشەی ئێستاوە رەتمان كردووەتەوە بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكدا بكەین و، ئێمەیش بەشداری نەكەین بەو دۆخەی ئێستای كەركووك ھەڵبژاردن ناكرێت لەو پارێزگایەدا، بەڵام كە باس لە ئاساییكردنەوە دەكرێت، ئێمەیش لە دوای ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك و دانانی پارێزگار و گەڕانەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، بڕیاری خۆمان دەدەین".
kdp-
Top