ڕێڕەوێك دروست بووە كە داعش بە ئاسانی جموجووڵی خۆی تێدا دەكات

ڕێڕەوێك دروست بووە كە داعش بە ئاسانی جموجووڵی خۆی تێدا دەكات
ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەڵێ، داعش لە ڕێگای جەزیرەوە، لە سوریاوە داخڵی عێراق دەبێت و لەوێشەوە بۆ ناوچەی مووسڵ و، پاشان قەرەچۆغ و حەویجە و حەمرین و چەندین شوێنی تر، ڕێڕەوێك دروست بووە کە داعش بە ئاسانی جموجووڵی خۆی تێدا دەكات.

د. ناسر هەركی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "عێراق لە دۆخێكی ئاسایشیی باشدا نییە، داعش لە ڕووی سەربازییەوە ماوە و لە ڕووی هزرییشەوە زۆر بەربڵاوە. پێویستە سنوورەكانی عێراق تۆكمە بكرێنەوە و ڕێگە لە هاتن و چوونی تیرۆریستان بگیرێت. ئاخر داعش لە ڕێگای جەزیرەوە، لە سوریاوە داخڵی عێراق دەبێت و لەوێشەوە بۆ ناوچەی موسڵ و، پاشان قەرەچۆغ و حەویجە و حەمرین و چەندین شوێنی تر. ڕێڕەوێك دروست بووە كە داعش بە ئاسانی جموجووڵی خۆی تێدا دەكات."

د. ناسر هەركی ئاشكرایشی كرد: حكوومەتی عێراق گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی كە ناتوانێت بەبێ هێزی پێشمەرگە ناوچە كێشەلەسەرەكان بپارێزێت و دەستی تیرۆر بنەبڕ بكات. لە ڕووی سەربازیشەوە پێویستمان بە ئاشتبوونەوەیەکی پێكهاتەیی لە عێراقدا هەیە.
kdp-
Top