ئاودیوکردنی نەوتی کەرکووک لە سنووری سلێمانییەوە بۆ ئێران بەردەوامە
کاوە ئەحمەد، کارگێری لقی کەرکووکی پارتی دیموکراتی کوردستان رايگەیاند: "رۆژانە حەشدی شەعبی ھەزاران بەرمیل نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک لە رێگای تانکەرەوە بەرەو سلێمانی دەبەن و لەوێشەوە بەرەو ئێران دەبرێت، ھەڵبەتە گرووپێکی سەر بەلایەنێکی سیاسیی کوردیش لە بردنی ئەو نەوتە بۆ ئێران هاوبەشن".
ڕوونی کردەوە کە رۆژ لە دوای رۆژ، بردنی نەوتی کەرکووک زیاد دەکات و ئێستا بڕی ئەو نەوتەی دەنێردرێت، بەپێی بارودۆخەکە دەگۆڕێت تا دەگاتە ١٥٠ هەزار بەرمیل نەوت.
پێشتر لەبارەی ئەو نەوتەی لە کەرکووکەوە هەناردە دەکرێت، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە وتارێکیدا کە بە ناونیشانی (پاساوی تاڵانکردن مەھۆننەوە)،ڕۆژی (١٥/١/٢٠١٩) بەناونیشانی (نەوتی کەرکووک بەبەرچاوی خەڵکەکەیەوە دەدزرێت و کەرکووکییەکانیش ناچارن بۆ دەبەیەک نەوت سەرە بگرن) بڵاو کرابووەوە.
مەلا بەختیار ڕای گەیاندبوو: ”ئەگەر (١٠٠) ھەزاریشی راست بێ، تۆ بڵێی بەرپرسە ھاوبەشەکانی حەشدی شەعبی لەسلێمانی لە شیعە شیعەتر بن و رازی بن بە کەمتر لە (٣٠) ھەزار بەرمیل پشکیان بەر بکەوێ؟“. دەشڵێت: ”ئەگەر، ئەو کاروانی تەنکەرە دزراوانە راست نین، بۆچی جێگری سکرتێری گشتی دوو مانگ لەمەوبەر ھێزی تایبەتی بۆ چاودێریی تەنکەرە نەوتەکان ناردووە و تەنانەت لەدەوروبەری (کۆرمۆر)یشدا، سەیتەرەشیان بۆ داناون؟“.
باسنيوز
