ماڵپەڕێکی سلێمانی بە هەڵە هەواڵی مردنی نووسەرێک بڵاو دەکاتەوە

 ماڵپەڕێکی سلێمانی بە هەڵە هەواڵی مردنی نووسەرێک بڵاو دەکاتەوە
ماڵپەڕێکی سلێمانی هەواڵی کۆچی دوایی نووسەرێک بڵاو دەکاتەوە و لە سەردێڕەکەیدا ناوی نووسەرێکی دیکە دەهێنێت.

ماڵپەڕی (سپی میدیا) کە یەکێکە لەو ماڵپەڕانەی لە سنووری سلێمانیدا ڕۆژانە چەند هەواڵێک بڵاو دەکاتەوە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی ١ی ٢٠١٩ و هەواڵێک لەبارەی کۆچی دوایی نووسەر و ڕۆژنامەنووس و خۆشنووسی ناسراو سەعید یەحیا بڵاو کردەوە، ئەو ماڵپەڕە بڵاوي کردۆتەوەلە جێگەی کۆچی دوایی سەعید یەحیا، هەواڵی کۆچی دوایی عەبدولرەحمان فەرهادی، سەرۆکی یەکێتی نووسەرانی کورد - لقی هەولێری بڵاو کردۆتەوە.

لەمبارەیەوە عەبدولڕەحمان فەرهادی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، چەند وێنەیەکی هەواڵەکەی ماڵپەڕی (سپی میدیا)ی بڵاو کردۆتەوە و تێیدا نووسیویەتی: ”شکور ساغ و زیندووم“. هاوکات ڕەخنەی توندی لە ماڵپەڕەکە گرتووە و جەختی کردۆتەوە: ”بەداخەوە بۆ نەزانیی ڕۆژنامەنووسان و ھەڵەی بێسەروبەریان. توخوا ھەواڵ داڕشتن ئاوایە؟“.

ئەمە لە کاتێکدایە کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ، سەعید یەحیا دوای گەڕانەوەی لە وەرگرتنی مووچەی خانەنشینییەکەی، لەنێو تەکسیدا کۆچی دوایی کردووە.

سەعید یەحیا ماوەیەک سەرنووسەری ڕۆژنامەی (ئەلتەئاخی، صوت الاخر) بووە و لە چەندان دامەزراوەی دیکەدا کاری ڕۆژنامەوانی کردووە، هەروەها لە بواری وەرگێڕانیشدا کارێکی بەرچاوی کردووە و بەشێکی بەرچاوی بەرهەمەکانی عەزیز نەسین، نووسەری تورکیای وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. هاوکات خۆشنووسێکی ناسراوی کوردستان بووە. سەعید یەحیا خۆشنووسێکی ناسراوی کوردستانیش بووە.












باسنيوز
Top