هەولێر.. بەهۆی تەقینی بۆیلەرێک کەسێک گیانی لەدەست دا
لەمبارەوە عەمیدی پۆلیس شوان عەبدولقادر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر ڕایگەیاند: "نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2019.1.28 بەهۆی تەقینی بۆیلەرێک (تانکیی گەرمکەرەوەی گیزەر) کە گەرمی بەسەر مۆڵەکەدا دابەش دەکات، بووەتە هۆی سووتانی کارمەندێکی مۆڵەکە کە کوردە خەڵکی زاخۆیە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە، تەنیا ئەو قوربانیە هەیە."
ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە ڕێگر بووین بۆ ئەوەی مۆڵەکە ئاگر نەگرێت، لەبەر ئەوەی زۆر نزیک بو لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتییەکەمان، بۆیە خێرا ئاگرەکەمان کۆنترۆڵ کرد، لێکۆڵینەوەکانمان دەستی پێ کردووە کە هۆکاری تەقینەکە بزانین و دەگەینە ئەنجام".
ڕۆیاڵ مۆڵ بینا و بازاڕیکی چەند قاتییە و لە نزیک بەرزە پردی شەقامی شۆڕش و شەقامی 60 مەتریی هەولێرە.
باسنيوز
