د.عەرەفات کەرەم ستونی : گۆڕانکارییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەرھەمی سەردانی سەرۆک بارزانییە

د.عەرەفات کەرەم ستونی : گۆڕانکارییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەرھەمی سەردانی سەرۆک بارزانییە
دوای سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، گۆڕانکاریی زۆر لە عێراق ڕووی داوە، بەتایبەتی پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق کەوتووەتە قۆناغێکی نوێوە. سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی پارتیش دەڵێ، ئەوەی لە بودجەدا ڕووی دا زەمینەسازیی بۆ کرابوو.

دکتۆر عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق پێی وایە: "ئەو گۆڕانکارییانەی ئێستا لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدادا دەستی پێ کردووە بەرھەمی سەردانی سەرۆک بارزانین بۆ بەغدا و ئەگەر سەردانەکە نەکرایە، بێگومان زۆر زەحمەت بوو ھەردوولا بگەنە ئەنجامێکی ئەوتۆ، بەڵام ئەوەی ڕوو دەدات دڵخۆشکەرە و جێی ئومێدە بۆ عێراقییەکان بەگشتی."

سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقەوە ڕووی دا پێشتر زەمینەسازیی بۆ کرابوو، لەبەر ئەوەی لایەنە سیاسییەکان لە پشت کوتلەکانی خۆیانن لە پەرلەمان، ئەگەر لایەنەکان نیەتیان نەبێت ناھێڵن نوێنەرانیان لە پەرلەمان دەنگ لەسەر ماددەیەک بدەن لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندا بێت."

دکتۆر عەرەفات کەرەم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێشتر نووسینگەی عەبادی پڕۆژەیاسای بودجەی ڕەوانەی پەرلەمان کردبوو بێ ئەوەی مافە داراییەکان و خواستەکانی ھەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت، کەچی عادل عەبدولمەھدی پڕۆژەکەی گەڕاندەوە و دەستکاریی کرد، ئەمەی ڕووی دا لە پەسەندکردنی بودجەدا جێگەی دەستخۆشییە، جگە لەوەی دەستخۆشی لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش دەکەین و نکۆڵی لە یەکھەڵوێستییان ناکرێت، بەڵام حەقیقەتێکیش ھەیە نابێ لەبەرچاوی نەگرین، کاتێک پارتی لە بەغدا بەھێز بێت، واتە چارەسەرکردنی کێشەکانیش ئاسانە، بە پێچەوانەوە، ئەگەر پارتی بەھێز نەبێت، بەغدا ئامادە نییە بێتە ژێر باری داواکاریی ھەرێمی کوردستان."

پەیوەست بە ھەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق، دکتۆر عەرەفات کەرەم ڕوونی کردەوە: "سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق ئەزموون لە سەرۆکوەزیرانەکانی پێشووی وەردەگرێت، کە باوەڕی لای بەغدا دروست بووە ھیچ سەرۆکوەزیرێکی عێراق بەبێ پشتیوانی و ھاوکاریی سەرۆک بارزانی سەرکەوتوو نابێت، ئەگەر دەستوور جێبەجێ نەکرێت و داواکاریی کورد بەرچاو نەگیرێت، ئەو عێراقەی ئێستا بوونی نامێنێت."







KDP.info-







Top