سبەی کۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی بەڕێوە دەچێت

 سبەی کۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی بەڕێوە دەچێت
رۆژی سێشەممە ٢٩ی ١ی ٢٠١٩، کۆبوونەوەی نێوان هەردوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە میدیاکانی سەر بە حزبەکەی ڕاگەیاند کە ڕۆژی سێشەممە بڕیارە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە و پەیوەندییەکانی هەردوولا و پڕۆژەی هەردوو حزب لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت تاوتوێ بکەن.

هەر لەبارەی ئەم کۆبوونەوەیەوە فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا ئاشکرای کردووە کە کۆبوونەوەکەیان بۆ باسکردنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت. هاوکات ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، یەکێتی کێشەی پۆستەکانی بەغدا و کەرکووکی تێکەڵ بە پرسی پێکهێنانی حکوومەت کردووە.
Top